20 پەرلەمانتاری كوردستان داوای بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی دەكەن
دیجیتال میدیای سپێده
بەهۆی ئەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمیش وەك كابینەی ڕابردوو لە ماوەی چوار ساڵی تەمەنی خۆی نەیتوانی هیچ پرۆژە یاسایەكی بودجە ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكات، ئەمرۆ لە یاداشتێكدا 20 پەرلەمانتاری كوردستان داوایان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە هەریەك لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی و وەزیری دارایی بانگهێشتی كۆبوونەوەیەك بكات، بۆ ئەوەی وەڵامی پەرلەمانتاران بدەنەوە سەبارەت بە ئامادەنەكردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵانەی حكومەت.
پەرلەمانتارانی كوردستان هەر پرسیارێك یان یاداشتێك ئاراستەی حكومەت دەكرێت سەبارەت بە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و دامەزراندنی یەكەمەكانی زانكۆ و و مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست و هەڵگرانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا، حكومەت لە وەمدا دەلێت پرۆژەی یاسای بودجەی نییە.
بۆیە پەرلەمانتاران داوا دەكەن سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت بۆ وەڵامدانەوەی پەرلەمانتاران.