هەواڵی کوردستان ئێستا

کۆریای باکوور رەتیدەکاتەوە چەکی بۆ رووسیا ناردبێت

کۆریای باکوور رەتیدەکاتەوە چەکی بۆ رووسیا ناردبێت
کۆریای باکوور رەتیدەکاتەوە چەکی بۆ رووسیا ناردبێت

2022-09-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

کۆریای باکوور ئەوەی رەتیکردەوە لە میانی جەنگی ئۆکرانیادا چەکی بۆ رووسیا ناردبێت و ئەو راپۆرتانەی کە لەوبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە بە "دەنگۆ" ناوبرد.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای سەر بە دەوڵەتی کۆریا لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەوە بڵاوی کردەوە، "ئەمریکا و هێزە دوژمنکارەکانی دیکە باسیان لە پێشێلکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کردووە، لە رێگەی بڵاوکردنەوەی دەنگۆ سەبارەت بە رێککەوتنی چەک لە نێوان پیۆنگ یانگ و مۆسکۆ".

بەرپرسە سەربازییەکەی کۆریای باکوور راشیگەیاندووە کە وڵاتەکەی بەهیچ شێوەیەک چەک یان تەقەمەنی بۆ رووسیا نەناردووە و لە داهاتووشدا هیچ پلانێکی بۆ ئەو کارە نییە.

گوتیشی: "تا ئێستا ئەوە روون نییه‌ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی که‌ ئه‌مریکا لەم دواییانەدا بڵاوی کردووەته‌وه‌ له‌ کوێوه‌ سەرچاوەی گرتووە، به‌ڵام دڵنیاین که‌ ئامانج لەو هەنگاوە له‌که‌دارکردنی وێنه‌ی وڵاته‌که‌مانه‌".

بەرپرسە باڵاکەی وەزارەتی بەرگریی کۆریای باکوور راشیگەیاندووە کە پیۆنگ یانگ ئیدانەی ئەمریکا دەکات کە بە ئامانجی سیاسی و سەربازیی دەنگۆ لە دژی کۆریای باکوور بڵاودەکاتەوە.

بەگوتەی ئه‌و به‌رپرسه‌ سەربازییەی کۆریای باکوور، "په‌ره‌پێدان و به‌رهه‌مهێنان و خاوه‌ندارێتیی كه‌ره‌سته‌ سه‌ربازییه‌كان، هه‌روه‌ها هه‌نارده‌ و هاورده‌كردنی چەک مافێكی یاسایی وڵاتێكی خاوەن سه‌روه‌رییه‌ و هیچ كه‌سێک مافی ئەوەی نییه‌ ره‌خنه‌ی لێ بگرێت".