هەواڵی کوردستان ئێستا

ریفراندۆمی لكاندنی 4 هه‌رێمی ئۆكرانیا به‌ ناوچه‌كانی روسیاوه‌ به‌رێوه‌ده‌چێت

ریفراندۆمی لكاندنی 4 هه‌رێمی ئۆكرانیا به‌ ناوچه‌كانی روسیاوه‌ به‌رێوه‌ده‌چێت
ریفراندۆمی لكاندنی 4 هه‌رێمی ئۆكرانیا به‌ ناوچه‌كانی روسیاوه‌ به‌رێوه‌ده‌چێت

2022-09-23 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌
ئه‌مڕۆ هه‌ینی ریفراندۆمی لكاندنی ئۆكرانیا به‌ ناوچه‌كانی روسیاوه‌ ده‌ستیپێكرد، به‌تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ژێر كۆنتڕۆڵی سوپای روسیادان، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش به‌ته‌واوی له‌لایه‌ن كیێڤ و وڵاتانی رۆژئاوا ره‌تده‌كرێته‌وه‌.

كاتژمێر 5:00ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ریفراندۆم ده‌ستیپێكرد، بڕیاریشه‌ تا 27ی (ئه‌یلول/9)ی 2022 له‌ دۆنێتسك و لوهانسك به‌رده‌وام بێت، هه‌روه‌ها ناوچه‌كانی خێسۆن و زاپۆریژا بگرێته‌وه‌، له‌كاتێكدا شه‌ڕ و پێكدادان له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی تێدا ئه‌نجامده‌درێت به‌رده‌وامه‌.

سه‌رۆك و رابه‌ری كۆماری گه‌لی دۆنێتسك رایگه‌یاندبو، 23 بۆ 27 ئه‌م مانگه‌ پڕۆسه‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ كۆماره‌كه‌یان بۆ بون به‌ به‌شێك له‌خاكی روسیا ئه‌نجامده‌ده‌ن و پاش راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانیش سوپای روسیا پارێزگاری له‌ سنوره‌كانی ئه‌و كۆماره‌ نوێیه‌یان ده‌كات.

له‌به‌رامبه‌ریشدا، ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێكی رایگه‌یاند، ئه‌و بانگه‌واز و راگه‌یه‌ندراوانه‌ی باس له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی وڵاته‌كه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و ئامانجه‌كانی كیێڤ ناكات.

وتیشی، "بۆچون و هه‌ڵوێست و هه‌روه‌ها بیروڕاكانیشمان له‌باره‌ی وڵاته‌كه‌مانه‌وه‌ چه‌قبه‌ستوه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سازش له‌سه‌ر بستێك له‌ خاكی وڵاته‌كه‌مان ناكه‌ین و ئه‌وه‌شی لێره‌ و له‌وێ بڵاوده‌كرێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئازادكردنی ته‌واوی خاكی وڵاته‌كه‌مان نابێت".