ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدانی ژێرئاوكه‌وتنی به‌له‌می كۆچبه‌ران له‌كه‌ناراوه‌كانی سوریا به‌رزده‌بێته‌وه
دیجیتاڵ میدیای سپێده
له كه‌ناراوه‌كانی سووریا، یه‌ختێكی په‌نابه‌ران نوقومبوو، ژماره‌ی قوربانیان گه‌یشته 73 كه‌س.
حه‌سه‌ن غه‌باش وه‌زیری ته‌ندروستی سووریا، به ئاژانسی فرانس پرێسی راگه‌یاند، ژماره‌ی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی كه له نزیك كه‌ناراوه‌كانی ته‌رتووس گیانیان له‌ده‌ست داوه، گه‌یشته 73 كه‌س.
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، نزیكه‌ی 20 په‌نابه‌ری دیكه‌ی رزگاربوو له نه‌خۆشخانه‌ی باسل له ته‌رتووس چاره‌سه‌ری وه‌رده‌گرن.
دوێنێ پێنجشه‌ممه سامر قبرسڵی به‌ڕێوبه‌ری گشتیی به‌نده‌ره‌كانی سووریا، رایگه‌یاند، ئه‌و كۆچبه‌رانه له لوبنانه‌وه به‌ڕێكه‌وتوون و ژماره‌یه‌ك له قوربانییه‌كان خه‌ڵكی وڵاتانی دیكه‌ن.
به هۆی خراپی گوزه‌رانه‌وه، ساڵانه له لوبنان هه‌زاران كه‌س وه‌ك كۆچبه‌ر له رێی ده‌ریاوه روو له قوبرس ده‌كه‌ن و به‌شێكیان به هۆی ژێرئاوكه‌وتنی یه‌خته‌كانیان گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
فه‌له‌ستینی و سووریایی و لوبنانییه‌كان له رێی ده‌ریاوه هه‌وڵی په‌ڕینه‌وه بۆ یۆنان ده‌ده‌ن.
له 13ی ئه‌م مانگه‌شدا، پاسه‌وانی كه‌ناراوه‌كانی توركیا رایگه‌یاند، شه‌ش كۆچبه‌ر كه منداڵیشیان تێدابوو، له ده‌ریای ئیجه گیانیان سپارد و توانرا 73ی دیكه رزگار بكرێن، كه ده‌یانویست بگه‌نه ئیتاڵیا، دوای ئه‌وه‌ی له ته‌رابلووسی باكووری لوبنانه‌وه به‌ڕێكه‌وتبوون بۆ گه‌یشتن به ئه‌وروپا.