بایدن: "دان بەو ریفراندۆمە ساختەیەی رووسیادا نانێن کە لە ئۆکرانيا ئەنجامی دەدات"
دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند کە هیچ خاکێکی ئۆکراینا وەک خاکی وڵاتێکی دیکە ناناسن و ئەنجامی ئەو ریفراندۆمەی کە رووسیا لە ناوچەکەدا ئەنجامی دەدات رەت دەکەنەوە.
بایدن لە راگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردووەتەوە: "ئەمریکا جگە لە خاکی ئۆکراینا دان بە پارچەیەکیدا نانێت لە دەرەوەی خاکی ئەو وڵاتە. ریفراندۆمەکەی رووسیا ساختەیە و بیانوویەکە بۆ لکاندنی خاکی ئۆکراینا بە خاکی وڵاتەکەیەوە کە ئەوەیش پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە بە بەڵێننامەی نەتەوەیەکگرتووەکانیشەوە".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ وڵاتانی هاوبەش بەردەوام دەبن لەسەر کارکردن بۆ درێژەدان بە سزا ئابوورییە توندەکانی سەر رووسیا و رایگەیاند: "ئەمریکا لەگەڵ هەموو هاوبەشە جیهانییەکانیدا هاوهەڵوێستە بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامی ئەو ریفراندۆمەی کە رووسیا ئەنجامی دەدات".
هەروەها بایدن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەردەوام دەبن لەسەر هاوکارییە ئەمنییەکانیان بۆ گەلی ئۆکراینا لە بەرگرییکردن دژبە داگیرکاریی رووسیا لە ناوچەکەدا.