هەواڵی کوردستان ئێستا

ئێران دەستگیرکردنی 739 خۆپیشاندەری راگەیاند

ئێران دەستگیرکردنی 739 خۆپیشاندەری راگەیاند
ئێران دەستگیرکردنی 739 خۆپیشاندەری راگەیاند

2022-09-24 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


مەرگی مەهسا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ، شەپۆلێکی گەورەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە ئێران بەدوای خۆیدا هێنا، لە خۆپیشاندانەکانی پارێزگای گیلان باکووری رۆژهەڵاتی ئێراندا، ٧٣٩ کەس دەستگیرکران کە ٦٠یان ئافرەت بوون.

ئاژانسی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێران، لە زاری بەڕێوبەری ئاسایشی پارێزگای گیلان، عەزیزوڵڵا مەلەکی، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە هێزەکانی پۆلیس و سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنیان بۆسەر ئەو کەسانە ئەنجامداوە کە هەڕەشە لە ئاسایشی گشتیی دەکەن و لەو نێوەندەشدا ٧٣٩ کەس دەستگیرکراون.

عەزیزوڵڵا مەلەکی راشیگەیاندووە کە : "٦٠ لە دەستگیرکراوەکان ئافرەت بوون. بەشێکی زۆریشیان دانیشتووی پارێزگای گیلان نەبوون و بۆ نانەوەی ئاژاوە و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتیی و تایبەتی لە ناوچەکانی دیکەوە هاتوونەتە شارەکە".

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە لە لایەکی دیکەوە تۆڕێکی گێرەشێوێنییان ئاشکرا کردووە و دواتر ئەندامانی تۆڕەکە بەندکراون، لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆری چەکدا گیراوە.

مەلەکی دەربارەی بوونی حاڵەتی گیانلەدەستدان لە خۆپیشاندانەکانی گیلاندا، هیچ زانیارییەکی نەخستەڕوو، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە ١٠٤ پۆلیس برینداربوون و ژمارەیەکی زۆریش ئۆتۆمبێلی گشتیش زیانیان پێگەیشتووە.

مەرگی مەحسا ئەمینی لە ١٦ ئەیلوول لە دوای دەستگیرکردنی لەلایەن "پۆلیسی رەوشت" کە چاودێری شێوازی پۆشینی جلوبەرگی ئافرەتان لە ئێران دەکات، کاردانەوەی فراوانی لەسەرانسەری وڵاتەکە لێکەوتەوە.

لەو راگەیەندراوەی کە لەدوای ناڕەزایەتییەکان لەلایەن پۆلیسی تارانەوە بڵاوکرایەوە ئاماژە بەوە کراوە کە پۆلیسی رەوشت مەهسا ئەمینی-یان بۆ یەک کاتژمێر لێکۆڵینەوە بردووەتە بنکەی پۆلیس و لەوێ بەهۆی ئەوەی لەناکاو بووراوەتەوە و کێشەی لە دڵیدا هەبووە بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

لەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لەلایەن تەلەڤیزیۆنی فەرمیی دەوڵەتی ئێرانەوە بڵاوەکراوەتەوە ئەوە بە دی دەکرێت کە دوای هێنانی مەهسا ئەمینی بۆ بنکەی پۆلیس و گفتوگۆکردنی لەگەڵ کارمەندێکدا، دەبورێتەوە و بەردەبێتەوە.

چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، روونکردنەوەکانی پۆلیس بەوەی مەهسا ئەمینی لە ناکاو لەهۆش خۆی چووە رەتدەکەنەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مەهسا پێش ئەوەی بهێندرێتە بنکەی پۆلیس لێیدراو و ئەشکەنجە دراوە.

دوای رێورەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی مەهسا ئەمینی لە ١٧ ئەیلوول لە شاری سەقز، خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە تاران و چەندین شاری خۆرئاوای وڵاتەکە دەستی پێکردبوو.

تاکو ئێستا لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران بەتایبەت لە تاران، سنە، کەرەج، تەبرێز، مەشهەد، کیش، کرمان، یەزد، رێشت، بەندەر عەباس، عەبادان، کرماشان، ئەردەبیل، ئەسفەهان، ورمێ، قەزوین، زەنجان، ئیلام، مازەندەران هەمەدان و چەندین شاری دیکەی وڵاتەکە خۆپیشاندان بەڕێوەچووە و لە چەندین شوێنکیش پێکدادان لە نێوان خوپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان روویداوە.

تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتی ئێران هەواڵی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە تا ئێستا لە رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا ٣٥ کەس گیانیان لەدەستداوە کە کارمەندی هێزە ئەمنییەکانیشیان لەنێودا بووە.

هەروەها بەشێک لە راگەیاندنەکانی ئێران، هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە کە ١١ رۆژنامەنووس و چالاکوان بە تۆمەتی پەیوەندیداربوون بە خۆپیشاندانەکانەوە، دەستگیرکراون.