سەرۆکوەزیرانی مالیزیا داوای کرد دەسەڵاتی ڤیتۆی ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش نەمێنێت
دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکوەزیرانی مالیزیا، ئیسماعیل سەبری یەعقوب داوای کرد دەسەڵاتی ڤیتۆی ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە ژێر رۆشنایی 'یەک وڵات بنەمای یەک دەنگ' هەڵگیرێت و نەمێنێت.
لە گوتارێکیدا کە لە ٧٧مین خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا پێشکەشی کرد، ئیسماعیل سەبری بە پێویستی زانی نەتەوەیەکگرتووەکان کە رێکخراوێکە هەڵگری رۆح و سمبولی دیموکراسییە بۆ جیهان، بگەڕێتەوە بۆ سەر بناغەکەی.
ئیسماعیل سەبری جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گەورەترین کێشەی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجوومەنی ئاسایشە کە تیایدا زۆربەی کات دەسەڵاتی ڤیتۆ لە بەرژەوەندی ئەو دەوڵەتانە بەکاردەهێندرێت کە خاوەنی ئەو هێزەن، بەهۆی لاوازی سیستمی چاودێری قەیرانە جیهانییەکانەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان نەیتوانیوە شەڕ و پێکدادانەکانی جیهان بەتایبەتی فەڵەستین و میانمار چارەسەر بکات.
گوتیشی: '(ئەو پەیڕەوە)نەک تەنیا دیموکراسیی بەڵکو بنەماکانی دیموکراسیش پێشێل دەکات. ئەمەش وا دەکات هیچ کام لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنەکە نەتوانن ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن'.
دوای ٦٥ ساڵ لە پەسەندکردنی دەوڵەتی مالیزیا وەک ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٥٧دا، بۆ یەکەمجار زمانی مالیزی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی مالیزیا، ئیسماعیل سەبری یەعقوب لە گوتاریکیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بەکارهێنرا.