مستەفا کازمی: "ھەر حکوومەتێک بەبێ رەوتی سەدر پێکبھێندرێت بەرەوڕووی قەیران دەبێتەوە"
دیجیتال میدیای سپێده
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە ئەستەمە، بتواندرێت حکوومەتی نوێی عێراق بەبێ بەشدارییکردنی سەکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر پێکھێندرێت و ئاماژەی بەوەیشدا کە ھەر حکوومەتێک بەبێ بەشدارییکردنی رەوتی سەدر پێکبھێندرێت، بەرەوڕووی قەیران و ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە.
مستەفا کازمی لە ھەڤیەیڤینێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵیی " Al-Monotor" کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە رایگەیاندووە، عێراق پێویستی بەوەیە لە رابردوو کە پڕە لە توندوتیژی دوور بکەوێتەوە، بەرەو ئایندەیەک کە لەسەر بنەمای دیالۆگ بێت، ھەنگاو بنێت و گوتی: "لەئێستادا، سەرجەم لایەنەکان لەوە تێگەیشتوون، ئەستەمە، بتواندرێت حکوومەتی نوێی عێراق بەبێ بەشدارییکردنی سەکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر پێکھێندرێت".
ئاماژەبەوەیشداوە کە ھەر حکوومەتێک بەبێ بەشدارییکردنی رەوتی سەدر پێکبھێندرێت، بەرەوڕووی قەیران و ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "لایەنە سیاسییەکان لە عێراق بەرەوڕووی قەیرانی متمانە لەگەڵ جەماوەر بوونەتەوە، ئەگەری ھەیە دوورخستنەوەی سەدر بۆ نموونە، ئەوەی لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا روویدا، خراپتر دووبارە ببێتەوە".
مستەفا کازمی باسی لە کاری لەپێشنەی خۆی کردووە و گوتوویەتی: "لەئێستادا، کاری لەپێشنەم، ئەنجامدانی دیالۆگ و گفتوگۆیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکراشی کردووە کە ئێران، ژمارەیەک دۆستی لە عێراقدا ھەیە و دەتوانێت کاریگەریان لەسەر دروست بکات و ھانیان بدات لە بری بەکارھێنانی چەک، گفتوگۆ ئەنجام بدەن و گوتی: "ئێمە پێویستییمان بە پەیوەندی باش ھەیە و لەئێستادا، پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ئێراندا، ھەیە".
ئەمەیش دوای ئەوە دێت رۆژی ھەینی ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی گوتارێکی لە کۆبوونەوەکانی خولی ٧٧مینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێشکەش کرد و تیایدا بانگھێشتی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کرد کە گەرێکی دیکەی دیالۆگی نیشتمانیی بدەن.
لە ماوەکانی رابردوودا لەسەر داوای مستەفا کازمی دوو گەڕی دیالۆگی نیشتمانیی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، جگە لە رەوتی سەدر بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ قەیرانی سیاسیی ئێستا ئەنجامدراون.
ئەمەیش لە کاتێکدایە ١١ مانگ بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تێپەڕبووە، بەڵام تا ئێستا بەھۆی بەردەوامی ناکۆکییەکان، سەرکۆماری نوێ ھەڵنەبژێردراو، ھەروەھا حکوومەتی نوێیش پێکنەھێنراوە.