هەواڵی کوردستان ئێستا

لە عێراق ھاوپەیمانییەکی نوێ بە ناوی (ئیرادەی دەوڵەت) پێکهێنرا

لە عێراق ھاوپەیمانییەکی نوێ بە ناوی (ئیرادەی دەوڵەت) پێکهێنرا
لە عێراق ھاوپەیمانییەکی نوێ بە ناوی (ئیرادەی دەوڵەت) پێکهێنرا

2022-09-26 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

ژمارەیەک لایەنی سیاسیی لە عێراق جگە لە رەوتی سەدر رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە ھاوپەیمانییەکی نوێ پێکبھێنن، ئەوەیش بە ئامانجی ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ، ھەروەھا پێکھێنانی حکوومەتی نوێ و ئیدارەدانی دەوڵەت.

لەمبارەیەوە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی لە عێراق، فادی شممەری لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی: "رێککەوتنی کۆتایی کراوە، بۆ ئەوەی ھاوپەیمانییەکی نوێ لەژێر ناوی (ئیدارەی دەوڵەت) لەنێوان چوارچێوەی ھەماھەنگیی، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھاوپەیمانی عەزم، ھاوپەیمانی سەروەریی و بابلییۆن پێکبھێندرێت".

راشیگەیاندووە "بەھیوای ئەوەین، گفتوگۆکان لەبارەی دەست نیشانکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرکۆمار تەواو بکرێن، ھەروەھا وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی کاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری بکرێت بۆ ئەوەی ئەرکە دەستوورییەکانی جێبەجێ بکات".

ناوبراو وردەکاری زیاتری لەوبارەیەوە نەخستووەتەڕوو، بەڵام ژمارەیەک ئەندامی لایەنە سیاسییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیاکانیان راگەیاندووە کە ھاوپەیمانی (ئیدارەی دەوڵەت) بۆ ماوەی دوو ساڵە و بە ئامانجی ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ، ھەروەھا بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ و ئیدارەدانی دەوڵەت لەنێوان ژمارەیەک لایەنی سیاسییدا، پێکدەھێندرێت.

تا ئێستا ئەو لایەنانەی کە لەسەر پێکھێنانی ھاوپەیمانییە نوێیەکە رێککەوتوون، ھیچ راگەیەندراوێکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

ئەمەیش لە کاتێکدایە ١١ مانگ بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تێپەڕبووە، بەڵام تا ئێستا بەھۆی بەردەوامی ناکۆکییەکان، سەرکۆماری نوێ ھەڵنەبژێردراو، ھەروەھا حکوومەتی نوێیش پێکنەھێنراوە.