پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران راگەیەندراوێکی لەبارەی بۆردومانەکانی ئێران بڵاوکردەوە
دیجیتاڵ میدیای سپێده
پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند کە ھێزەکانی ئێران ھێرشیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانیان لە کۆیە و بەھۆیەوە دوو کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەیش برینداربوون.
لەمبارەیەوە ناوەندی ئیداریی سەربە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە کاتژمێر ١٠:٣٠ پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ھێزەکانی ئێران بە مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو، ھێرشیان کردوەتە سەر بنکە و بارەگاکانیان لە شاری کۆیە.
راشیگەیاندووە کە بەپێی ئامارە بەراییەکان لە ئاکامی ھێرشەکەدا، دوو کەس کوژراون و ژمارەیەک پێشمەرگەیش برینداربوون.
ناوەندی ئیداریی سەربە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە ماوەکانی داھاتوودا، زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بڵاودەکرێتەوە.
ئەمڕۆ ھێزەکانی ئێران، بارەگای ژمارەیەک لە پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارییەکانی ئێران-یان لە ناوچەکانی سیدەکان، زڕگوێز، کۆیە و شارۆچکەی پردێ سەربە پارێزگای کەرکووک بۆردمان کرد.
بەپێی زانیارییەکان، ھێزەکانی ئێران لە رێگای ئاراستەکردنی ژمارەیەک درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە بارەگاکانی پارتەکانیان لەو ناوچانە بۆردومان کردووە.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی دکتۆر خالید لە شاری کۆیە سەربە پارێزگای هەولێر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە لە ئاکامی بۆردومانەکەدا، دوو کەس کوژراون و ١٥ی دیکەیش برینداربوون.