ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشی مووشەکی و درۆنی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات
دیجیتال میدیای سپێده
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە بە مووشەک و درۆن کرایە سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پڕایس، لەبارەی بۆردومانکردنی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان لەلایەن تۆپخانەکانی ئێرانەوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە: "بە توندی پەنابردنی ئێران بۆ بەکارھێنانی مووشەکی بالیستی و ھێرشکردن لە رێی درۆنەوە کە دژی ھەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامیدان، ئیدانە دەکەین، چونکە پێشێلکاریەکی بێپاساوی سەروەری و خاکی عێراقە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئاگاداری ئەو ھەواڵانەین کە باس لە زیانی گیانیی ھاووڵاتییانی مەدەنی دەکەن و بە توندی ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر ھەر حاڵەتێکی گیان لەدەستدان لە دەرئەنجامی ھێرشەکەی ئەمڕۆدا".
نێد پرایس راشیگەیاندووە "ئیدانەی زیاتری وتەکانی حکوومەتی ئێران دەکەین کە باس لە ھەڕەشەی ھێرشی زیاتر دەکات دژی عێراق".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەمریکا شان بە شانی خەڵک و حکوومەتی عێراق دەوەستێت لە دژی ئەم ھێرشە کە ئەمریکا بە "بێشەرمانە" ناوی بردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئێران چەندین جار مووشەك و تۆپ و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆردومانی كەمپەكانی ئاوارەكانی ئێران و بارەگای پارتە كوردییەکانی نهیاری لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان کرد.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان، سامان بەرزنجی رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاکامی بۆردومانەكەی سەر كۆیە و میحوەری پردێ بوونەتە قوربانی، بریتییه له نۆ گیانلەدەستدان و ٣٢ بریندار.