بەرھەم ساڵح و پلاسخارت پێشھاتە سیاسیی و ئەمنییەکانیان تاوتوێ کرد
دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرکۆماری عێراق و نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشھاتە سیاسیی و ئەمنییەکانیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا لەگەڵ جێنین ھێنیس پلاسخارت کۆبووەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی پێشھات و گۆڕانکارییەکانی عێراق بەتایبەتیش رەوشی ئەمنی و سیاسیی.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە جەخت کراوەتەوە لەسەر گرنگی کۆتایی ھێنان بە قەیرانی سیاسی لەڕێگای گفتوگۆ و دیالۆگ بە ئاراستەی تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگە جیددیانەی کە رووبەڕووی وڵات بووەتەوە، ھێنانەکایەوەی بەرکەوتە نیشتیمانییەکان، بە ئامانجی بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات، هەروەها پاراستنی سەلامەتی ھاووڵاتییان و جێبەجێکردنی داوا رەواکانی خەڵک.