کۆمپانیای بەرهەمهێنەری کارەبای ئەڵمانی RWE تا ساڵی 2030 کۆتایی بە بەکارهێنانی خەڵوز دەهێنێت
دیجیتال میدیای سپێده
گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبای ئەڵمانی RWE وەکو بەشێک لەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ حکوومەت ئەنجامیداوە، ئامانجی بۆ کۆتاییهێنان بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی بەکارهێنانی خەڵوزەوە بۆ هەشت ساڵ هێنایە پێشەوە و ساڵی 2030 دیاریکرد.
لەو راگەیەندراوەی کە لە RWEوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە کۆمپانیاکە ئامادەیە قۆناغ بە قۆناغ تا ساڵی 2030 کۆتایی بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی خەڵوزەوە بهێنێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە دوای قەیرانی وزە کە بەهۆی جەنگی رووسیا-ئۆکرایناوە سەریهەڵداوە، بەشێوەیەکی کاتی کار لەو وێستگانەی RWE کە بە خەڵوز ئیش دەکات زیاد کردووە و ئاماژە بەوە کراوە کە داوای قەرەبووی زیادە بۆ دەرچوونی پێشوەخت لە بەکارهێنانی خەڵوز لە حکوومەتی ئەڵمانیا ناکەن.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی RWE، مارکوس کریبەر لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت: "لەم قەیرانەی ئێستادا، بەمشێوەیە یارمەتیدەرین لە لابردنی گازی سرووشتی لە بەکارهێنانی کارەبا".
مارکۆس کریبەر لە هەمان کاتدا باسی لەوەش کرد کە بۆ خێراکردنی پەڕینەوە بۆ وزەی سەوز وەبەرهێنانیان بە بەهای چەندین ملیۆن یۆرۆ ئەنجامداوە و ئامادەن تاکو ساڵی 2030 قۆناغ بەقۆناغ کۆتایی بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی خەڵوزەوە بهێنن و جەختی لەوە کردەوە کە دەرچوون لە بەکارهێنانی خەڵوز بەشێوەیەک "بەرپرسیارانە لە رووی کۆمەڵایەتییەوە" ئەنجامدەرێت.
ئەڵمانیا، پێشتر ئەوەی راگەیاندبوو کە ئامانجیانە لە ساڵی 2030 ویستگەکانی خەڵوز دابخەن و ساڵی رابردوو لەگەڵ بەکارهێنەرانی ویستگەکان گەیشتبوویە رێککەوتن و وادەکەی بۆ ساڵی 2030 هێنابوویە پێشەوە. حکوومەت، دەبو دانوستان لەگەڵ کۆمپانیای وەکو RWE کە لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتنەدا نەبوون، ئەنجام بدات.
بەڵام، دوای جەنگی ئۆکراینا و بە مەبەستی کەمکردنەوەی پەیوەستبوون بە رووسیا، حکوومەتی ئەڵمانیا ئەوەی راگەیاندبوو کە دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ بڕیاری کردنەوەی وێستگە ئەتۆمییەکان کە پێشتر ئەوە راگەیندرابوو کە دادەخرێن و بەردەوامبوون لە بەکارهێنانی وێستگەکانی خەڵوز ئەنجام دەدەن.
ئەڵمانیا لە ساڵی 2021دا لە سەدا 27خەڵوز و لە سەدا 15،3 گازی سرووشتی لە بەرهەمهێنانی کارەبا بەکار هێناوە و پێش جەنگی رووسیا-ئۆکراینا زیاتر لە نیوەی ئەو گازی سرووشتی و خەڵوزەی پێویستی پێیبوو و لە سەدا ٣٤ی نەوتی خاوی لە رووسیاوە هاوردە دەکرد.
ئامانجی کشانەوەی وادەی کۆتایی هێنان بە بەکارهێنانی خەڵوز کە پلانی بۆ دانراوە لە ساڵی 2038وە بۆ ساڵی 2030، یەکێک بوو لە بەڵێنە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنی حکوومەتی هاوپەیمانیی ئەڵمانیا لە ساڵی رابردوودا.