شاندێکی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت گەیشتە ھەولێر
دیجیتال میدیای سپێده
شاندەکەی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە ھەریەک لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی و کاندیدی چوارچێوەی ھەماھەنگیی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێ، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکی ھاوپەیمانی عەقدی نیشتمانیی، فالح فەیاز پێکھاتووە.
شاندەکە لە میانی سەردانەکەی بۆ ھەولێر لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە کە تیایدا دوایین پێشھاتەکانی رەوشی سیاسیی لە عێراق و ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ تاوتوێ دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ساڵێک بەسەر ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران تێپەڕدەبێت کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا ئەنجامدرا، بەڵام تا ئێستا بەھۆی بەردەوامی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان نەتواندراوە، سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێردرێت و حکوومەتی نوێیش پێکبھێندرێت.
لە ماوەکانی رابردوودا، ھەریەک لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھاوپەیمانی عەزم، ھاوپەیمانی سەروەریی و بابلییۆن پێکھێنانی ھاوپەیمانییەکی نوێیان بەناوی "ئیدارەی دەوڵەت" راگەیاند، ئەوەیش بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەروەھا ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ