ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راسپاردنی ئێحسان عەبدولجەبار بۆ پۆستی وەزیری دارایی بە وەکالەت ھەڵوەشاندەوە
دیجیتاڵ میدیای سپێده
لە دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ ئەنجامدرا، دەنگ لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری حکوومەت درا سەبارەت بە راسپاردنی وەزیری نەوت، ئێحسان عەبدولجەبار بۆ پۆستی وەزیری دارایی بە وەکالەت.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەران بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەنجوومەن، محەمەد حەلبوسی دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجامداوە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی دانیشتنەکەدا، ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری حکوومەت سەبارەت بە راسپاردنی وەزیری نەوت، ئێحسان عەبدولجەبار بۆ پۆستی وەزیری دارایی بە وەکالەت، خراوەتەوە دەنگدانەوە.
باسی لەوەش کردووە کە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئامادەبووی دانیشتنەکە، بڕیارەکەی حکوومەت سەبارەت بە راسپاردنی ئێحسان عەبدولجەبار بۆ پۆستی وەزیری دارایی بە وەکالەت ھەڵوەشێندراوەتەوە.
رۆژی ١٦ی ئابی ٢٠٢٢ وەزیری دارایی، عەلی عەللاوی دەستی لەکار کێشایەوە.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی عەلی عەللاوی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی وەزیری نەوت، ئیحسان عەبدولجەباری بە وەکالەت بۆ پۆستی وەزیری دارایی عێراق راسپارد.