كۆشکی سپی: بڕیارەکەی ئۆپیک پڵەس هاوتایە لەگەڵ پاڵپشتیی مەعنەویی و سەربازیی بۆ رووسیا
دیجیتاڵ میدیای سپێده
بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی ئاشكرایكرد، بڕیاری گرووپی ئۆپیک پڵەس پاڵپشتیی مەعنەویی و سەربازیی بوو بۆ رووسیا.
جۆن کێربی بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، جۆن کێربی ئاشكرایكرد، بڕیاری گرووپی ئۆپیک پڵەس بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە مانگی تشرینی دووەمەوە بە رێژەی دوو ملیۆن بەرمیل، هاوتایە لەگەڵ دابینکردنی پاڵپشتیی مەعنەویی و سەربازیی بۆ رووسیا لە جەنگی ئۆکراینادا.
بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی راشیگەیاند، لێرە بەدواوە چاودێری دەکەن و هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەن کە ئایا سعوودیە لەگەڵ رووسیایە یان نا، ههروهها ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیەدا.
وەزیرانی وزە و نەوتی گرووپی ئۆپیک پڵەس لەو کۆبوونەوەی کە ٥ی تشرینی یەکەم لە ڤیەننا پایتەختی نەمسا ئەنجامیاندا، بڕیاریاندابوو لە مانگی تشرینی دووەمەوە بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت بە رێژەی دوو ملیۆن بەرمیل کەمبکەنەوە.
دوای ئەم بڕیارە، بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، جۆن کێربی لە ١١ی تشرینی یەکەم ئەوەی راگەیاند کە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن چاو بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سعوودیەدا دەخشێنێتەوە.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان لە لێدوانێکیدا بو کەناڵی ئەلعەرەبییەی سعوودی ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی خاوەنی پەیوەندیی ستراتیجییە لەگەڵ ئەمریکا و بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەبەر هۆکاری ئابووری دەرکراوە.