هەواڵی کوردستان ئێستا

سەرۆکی ئەمریکا: "راپەڕینی ئێران بۆ ماوەیەکی درێژ ناتوانرێت بێدەنگ بکرێت"

سەرۆکی ئەمریکا:
سەرۆکی ئەمریکا: "راپەڕینی ئێران بۆ ماوەیەکی درێژ ناتوانرێت بێدەنگ بکرێت"

2022-10-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند، مەرگی ژینا ئەمینی بووە هۆی سەرهەڵدانی "راپەڕینێک" لە ئێران کە بۆ ماوەیەکی درێژ ناتوانرێت بێدەنگ بکرێت.

بایدن لە درێژەی سەردانەکانی بۆ ویلایەتەکانی رۆژئاوای ئەمریکا، سەردانی ناوچەی ئۆرانجی ویلایەتی کالیفۆڕنیای کرد و لە میانی گوتەیەکدا باسی لە بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسانی ئابووری کرد.

سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی تێپەڕینی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی بەو ناوچەیەدا کەوتە ناو خۆپیشاندانی ئەو ئێرانیانەی لەو ناوچەیەدا دەژین و لە میانی گوتەیەکیشدا باسی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کرد و رایگەیاند: "پێویستە ئێران کۆتایی بهێنێت بە بەکارهێنانی توندوتیژی دژی هاووڵاتییانی خۆی کە سەرەتاییترین مافی خۆیان پیادە دەکەن. ماوەیەکی زۆرە لە سیاسەتی دەرەوەدا کار دەکەم. بەڵام راپەڕینەکانی ئێران دووچاری سەرسوڕمانیان کردم. گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بووە هۆی سەرهەڵدانی راپەڕینێک لە ئێران کە بۆ ماوەیەکی درێژ ناتوانرێت بێدەنگ بکرێت".

بایدن سوپاسی هەر کەسێکیشی کرد کە لە ئێران ناڕەزایی دەردەبڕێت و گوتیشی: "سوپاسی رەوەندی ئێرانی نیشتەجێی ئەمریکا دەکەم کە دەنگی خۆیان بەرز کردووەتەوە".

جێی ئاماژەیە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا، بایدن، لەم هەفتەیەدا سەردانی ویلایەتەکانی کۆلۆرادۆ، کالیفۆڕنیا و ئۆرێگۆن، دەکات.

وەک جۆرێک لە بانگەشەی هەڵبژاردنیش، لەو شوێنانەی سەردانیان دەکات پشتیوانی خۆی بۆ کاندیدەکانی پارتی دیموکرات دەردەبڕێت.