سوودانی و پلاسخارت كۆبونهوه
دیجیتاڵ میدیای سپێده
راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، رەوشی سیاسیی عێراق تاوتوێ کراوە، ھەروەھا جەخت کراوەتەوە لەسەر ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەتی پاڵپشتیکردن لە بەھێزکردنی میکانیزمەکانی سیستەمی دیموکراسیی لە عێراق.
سوودانی جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە کارنامەی حکوومەتەکەی گرنگی دەدات بە چارەسەرکردنی کێشەی خزمەتگوزارییەکان، ھەروەھا بنبڕکردنی گەندەڵی و راشیگەیاندووە، حکوومەتی داھاتوو بە پەرۆشەوە، گوێ لە دەنگی گەنجان رادەگرێت و رەچاوی دۆسیەی مافی مرۆڤ و کەمینەکان دەکات.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەداوە کە حکوومەتی داھاتوو، کار دەکات لە پێناو هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش کە سەروەریی عێراق بپارێزێت.
هاوکات پلاسخارت پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سوودانی کردووە بەبۆنەی راسپاردنی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ و جەختی کردەووەتە، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتیی لە ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ دەکات کە داواکارییەکانی سەرجەم پێکھاتەکانی گەلی عێراق جێبەجێ بکات.