هەواڵی کوردستان ئێستا

جۆزێپ بۆڕێڵ: چاوەڕێ ناکەین دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە رێککەوتنی ئەتۆمی بەرەو پێش بچن

جۆزێپ بۆڕێڵ: چاوەڕێ ناکەین دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە رێککەوتنی ئەتۆمی بەرەو پێش بچن
جۆزێپ بۆڕێڵ: چاوەڕێ ناکەین دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە رێککەوتنی ئەتۆمی بەرەو پێش بچن

2022-10-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ بە ئاماژەدان بەوەی کە لەو دۆخەدا چاوەڕێ ناکەن دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەرەوپێشچوون بەخۆیانەوە ببینن، سەرنجی خستە سەر ئەوەی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپادا، هەڵوێستی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندانەکان و دەستوەردانی ئێران لە جەنگی ئۆکراینا تاوتوێ دەکرێت.

بۆڕێڵ بەر لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە لوکسەمبۆرگ بۆ میدیاکاران دوا.

جۆزێپ بۆڕێڵ بە ئاماژەدان بەوەی کە یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە ئێران دەبێت، گوتی: "چاوەڕێ دەکرێت بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندەران و ژنانی بوێر، بڕیار بدرێت سزا بەسەر ئێراندا بسەپێندرێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە هەروەها تاوتوێی پرسی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی دەکرێت لە جەنگی ئۆکراینادا و گوتی: "بە دوای بەڵگەی حاشاهەڵنەگردا دەگەڕێین لەبارەی بەشداری ئێران لە جەنگی ئۆکراینا. لەوانەیە ئێران نکۆڵی لەمە بکات. ئەمڕۆ زیاد لەوەی بڕیار بدرێت بۆ سەپاندنی سزا، وەزیرانی دەرەوە تێڕوانینی خۆیان دەخەنە روو".

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی وەستانی دانوستانەکان بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لەم چەند هەفتەی دواییدا، نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ رایگەیاند: "چاوەڕێی بەرەوپێشچوون ناکەین. ئەمە زۆر جێی داخە چونکە زۆر زۆر (لە رێککەوتن) نزیک ببووینەوە. ناچارین چاوەڕێ بکەین".

ئێران لەگەڵ پێنج ئەندامە هەمیشەیییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەڵمانیا لە ٢٠١٥دا، واژووی لەسەر رێککەوتنێک کرد کە رەزامەندی دەربڕی لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکانی سەریدا، چالاکییە ئەتۆمییەکانی بخرێتە ژێر چاودێرییەوە. دوای ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ تاکلایەنە لە ٢٠١٨ لە رێککەوتنەکە کشایەوە و دەستی کردەوە بە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا، تارانیش بەشێوەیەکی قۆناغبەند بەڵێنەکانی بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنەکە راگرت و ژمارەیەک هەنگاوی نا بە زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆمیشەوە بە رێژەیەکی بەرز.

بۆ کارپێکردنەوە بە رێککەوتنەکە و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنەکە لە نیسانی ٢٠٢١ەوە بە هەماهەنگی یەکێتیی ئەورووپا دانوستانەکان لە ڤیەننا دەستیان پێ کرد و لە هەشتی ئاب دانوستانەکان کۆتایییان هات. دوای ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا رەشنووسی تێکستی رێککەوتنەکەی پێشکەش کرد لەبارەی گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی لایەنەکان، بە بەراورد بە مانگەکانی پێشوو ئاماژەی زۆر ئەرێنیتر لەئارادابوون.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ١٥ی ئاب تێڕوانینی خۆی لەبارەی پێشنیازەکەی یەکێتیی ئەورووپا خستە روو کە وەک دواهەمین رەشنووسی دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە رێککەوتنی ئەتۆمی پێشکەشی کرد و رایگەیاند کە چاوەڕوانی وەڵامی ئەمریکا دەکەن لەمبارەیەوە.

نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ کە وەڵامەکەی ئێرانی بە "گونجاو" لە قەڵەم دابوو، رایگەیاندبوو لە ئەگەری وەرگرتنی وەڵامی ئەرێنی لە ئەمریکاوە، رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا دەکرێت لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ٢٤ی ئاب رایگەیاند کە ئەمریکا لە رێگای یەکێتیی ئەورووپاوە، وەڵامی ئێرانی داوەتەوە لەبارەی رەشنووسی تێکستی رێککەوتنەکە، بەڵام هیچ زانیارییەکی نەدا لەبارەی ناوەڕۆکی وەڵامدانەوەکەی ئەمریکاوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی لە دووی ئەیلوول رایگەیاند کە لەسەر ئاستی جیاواز وڵاتەکەی هەڵسەنگاندن بۆ وەڵامدانەوەکەی ئەمریکا دەکات.

لای خۆیشیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڤێدانت پاتێڵ لەمبارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تیایدا هاتووە "دەتوانین ئەوە پشتڕاست بکەینەوە کە وەڵامی ئێرانمان وەرگرتووەتەوە. هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین و وەڵامی دەدەینەوە، بەڵام بە داخەوە (وەڵامدانەوەکەی ئێران) بونیادنەرانە نییە".