قۆناغی یەکەمی گۆڕینی بۆڕیی ئیفراز سێی ھەولێر دەستی پێ کرد
قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆڕیی ئیفراز سێی ھەولێر کە ئاوی خواردنەوە بۆ ژمارەیەک گەڕەکی ھەولێر دابین دەکات، ئەمڕۆ کەوتە واری جێبەجێکردنەوە.
ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەواڵێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ھاتووە: "بۆریی ئاوی ئیفراز سێ، دەکەوێتە باکووری ھەولێر و نزیکەی سەدا ٤٠ی ئاوی شاری ھەولێر دابین دەکات. لەماوەی رابردوودا بەھۆی کۆنییەوە چەند جارێک بۆڕییەکە شکا و چاککرایەوە، بۆیە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بەمەبەستی لەڕەگەوە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئەمساڵ بڕیاردرا بەتەواوی بگۆڕدرێت".
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاری ئەحمەد بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاندووە "ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی گۆڕینی بۆڕی ئیفراز سێی ھەولێر دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. قۆناغی یەکەمی ئەو پڕۆژەیە درێژییەکەی دوو ھەزار و ٧٥٠ مەترە و تێچووی گۆڕینی چوار ملیار و ٦٥٠ ملیۆن دینارە".
درێژیی بۆڕیی ئیفراز سێی ھەولێر، ١١ کیلۆمەترە و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، ئاری ئەحمەد لەبارەی تێچووی پڕۆژەکە رایگەیاندووە: "کۆی تێچووی گۆڕینی تەواوی ئەو بۆڕییە ٢١ ملیار دینارە. ماوەی دیاریکراو بۆ تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەش وەک کۆمپانیای جێبەجێکار پێی راسپێردراوە، ١١٠ بۆ ١٢٠ رۆژە".
ئەمەش لەكاتێكدایە كێشەی شكانی بۆڕی ئاوی ئیفراز سێ سڵانە لەهەولێر دووبارەدەبێتەوە ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی شارەكە بێ ئاو دەبن