داوا دەکرێت رۆژی شەممە دەنگ لەسەر کابینەی حکوومەتی نوێ عێراق بدرێت
دیجیتاڵ میدیای سپێده
ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کە ھەریەک لە چوارچێوەی ھەماھەنگی، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھاوپەیمانی عەزم، ھاوپەیمانی سەروەریی و بابلییۆن لە خۆدەگرێت، داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە رۆژی شەممەی داھاتوو بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکوومەت دیاریی بکات.
ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لایەنەکانی سەربە ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی کۆبوونەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشھاتە سیاسییەکان تاوتوێ کراوە و ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە بە پێویستیان زانیوە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکووومەتێکی خزمەتگوزار.
ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت داوایشی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە کە رۆژی شەممەی داھاتوو بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکوومەت دیاریی بکات.
رۆژی پێنجشەممە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرکۆمار، عەبدوللەتیف رەشید بە سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێردرا.
دواتر عەبدوللەتیف رەشید، محەمەد شیاع سوودانی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق راسپارد.
لەئێستادا راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ھەوڵەکانی بۆ پێکھێنانی کابینەی حکوومەت دەست پێ کردووە.
محەمەد شیاع سوودانی ماوەی یەک مانگی لە بەردەم دایە تا کابینەی حکوومەتەکەی پێکبھێنێت پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بکات، بۆ ئەوەی متمانەی پێ بدرێت.