لیوا قارەمان: بۆ ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە ھەماھەنگی ھەیە
هەولێر -KDP.info- بڕیارە ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ھێزێکی یەکگرتوودا بخرێنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، لە قۆناغی یەکەمدا ھێزەکان ڕێک دەخرێنەوە و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکوەزیرانیش ھەماھەنگن بۆ ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە.
لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئیرادەیەکی زۆر لە لایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و جێگرەکانی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمەوە بۆ ڕێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە ھەیە، ھەموویان ھەماھەنگن و تا ڕادەیەکی زۆریش پارتی و یەکێتی لەگەڵ یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەدان لە ژێر چەتری وەزارەتدا."
بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: "وەزارەتی پێشمەرگە پارتی و یەکێتیی ئاگادار کردووەتەوە ھەردوو ھێزی ٧٠ و ٨٠ ھاوشێوەی لیواکانی پێشمەرگە ڕێک بخرێن و ھەیکەلی لیواکانیان وەک لیوای سەر بە وەزارەت بێت."
لیوا قارەمان ڕوونی کردەوە: "قۆناغی یەکەم یەکخستنەوەیە و دواتر ھەردوو ھێزی گەورەی دەرەوەی وەزارەت دەخرێنە چوار چێوەی لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، کە ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە چواردە لیوای ھەیە، ئەمە ھەنگاوێکی باش دەبێت بۆ یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە."
قائید میرۆ