لە نێجیریا 50 کەس بەهۆی لافاو گیانیان لەدەستدا
بەهۆی بارانی بەلێزمە و دروستبوونی لافاو لە ویلایەتی ئاداماوا باکووری نێجیریا، ٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا.
سکرتێری گشتیی ئاژانسی ئیدارەی دۆخی لەناکاوی نێجیریا لە ئاداماوا، سولەیمان محەمەد رایگەیاند، بەهۆی بارانی بەلێزمە و ئەو شەپۆلەی لە بەنداوی لاگدۆی وڵاتنی کامیرۆنی دراوسێیانەوە هاتووە، لە ١١ ناوچەی ولاتەکەیاندا لافاو دروستبووە.
سولەیمان محەمەد باسی لەوە کرد کە بەهۆی لافاوەکەوە لە ویلایەتی ئاداماوا، ٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧١ کەسی دیکەش برینداربوون.
سکرتێری گشتیی ئاژانسی ئیدارەی دۆخی لەناکاوی نێجیریا لە ئاداماوا باسی لەوە کرد کە بەهۆی لافاوەکەوە، ١٧٢ هەزار کێڵگەی کشتوکاڵی و بەبەهای ملیۆنان نایرا خۆراک لەناوچووە و حکوومەت هاوکاری مرۆیی گەیاندووەتە زیانلێکەوتووان.
لە ئاکامی ئەو کارەساتانەی لافاو کە لە مانگی ئایارەوە تا ئێستا لە وڵاتەکەدا روویان داوە، زیاتر لە ٦٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و، ١،٣ ملیۆن کەسیش ئاوارەو دەربەدەر بوون.
پسپۆڕانی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەی نێجیریا، باس لەوە دەکەن کە ٥٣ ملیۆن کەس لە وڵاتەکەدا رووبەڕووی مەترسی لافاو بوونەتەوە.