هەواڵی کوردستان ئێستا

ئێران: له‌سه‌ر پرسى رێككه‌وتنى ئەتۆمی ئاڵوگۆڕى په‌یام له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا درێژه‌ى هه‌یه‌

ئێران: له‌سه‌ر پرسى رێككه‌وتنى ئەتۆمی ئاڵوگۆڕى په‌یام له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا درێژه‌ى هه‌یه‌
ئێران: له‌سه‌ر پرسى رێككه‌وتنى ئەتۆمی ئاڵوگۆڕى په‌یام له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا درێژه‌ى هه‌یه‌

2022-10-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران، حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان رایگه‌یاند كه‌ تا ئێستا ئاڵوگۆڕى په‌یام له‌ نێوان خۆیان و ئه‌مریكا له‌باره‌ى رێككه‌وتنى ئەتۆمییەوە درێژه‌ى هه‌یه‌.

به‌پێى هه‌واڵێكى ئاژانسى فه‌رمى ئێران، حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان له‌میانى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌رمینیا وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى په‌یوه‌ندیدار به‌ لێدوانه‌كانى ئیداره‌ى واشنتۆن به‌وه‌ى كه‌ له‌ ئێستادا پرسى دانوستانه‌كانى ناوه‌كى له‌ رۆژه‌ڤدا نییه‌، دایه‌وه‌.

حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌مریكا له‌ لێدوان و كرداره‌كانیدا "هه‌ڵسوكه‌وتى دژبه‌ یه‌ک نیشانده‌دات" و گوتیشى: "سێ رۆژ پێش ئێستا په‌یامێكمان له‌ ئه‌مریكاوه‌ پێگه‌یشت و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا داوامان كرد پرسى تۆمه‌ته‌كانى ئاژانس (ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ى ئه‌تۆم) له‌ به‌رامبه‌ر ئێران چاره‌سه‌ر بكرێ. لێدوان و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانى ئه‌مریكا دژبه‌ یه‌كن. له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ئاڵوگۆڕى په‌یام له‌ نێوان ئه‌مریكا و ئێمه‌دا درێژه‌ى هه‌یه‌".

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه‌ ئیداره‌ى واشنتۆن به‌ به‌كارهێنانى خۆپیشاندانه‌كانى ئێران "گوشارى ده‌روونى و سیاسى جێبه‌جێ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى خاڵى زیاتر له‌ دانوستانه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت".

له‌ ١٧ى تشرینى یه‌كه‌م، نوێنه‌رى تایبه‌تى ئه‌مریكا بۆ ئێران، رۆبێت ماللى له‌ لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵى سى ئێن ئێن-ى ئه‌مریكى رایگه‌یاندبوو كه‌ گفتوگۆییه‌كانى په‌یوه‌ندیدار به‌ دووباره‌ زیندووكردنه‌وه‌ى رێككه‌وتنى ئەتۆمی ئێران كه‌ له‌ ساڵى ٢٠١٥ واژوو كرابوو، به‌هۆى داواكارییه‌كانى ئێرانه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ بنبه‌ست و ئه‌م پرسه‌ له‌ ئێستادا "له‌ رۆژه‌ڤ" دا نییه‌.