هەواڵی کوردستان ئێستا

لە میسر دەستبەسەر پەیکەری ئەفرۆدایت-دا گیرا کە خەریکبوو بەقاچاخ ببرێتە دەرەوە

لە میسر دەستبەسەر پەیکەری ئەفرۆدایت-دا گیرا کە خەریکبوو بەقاچاخ ببرێتە دەرەوە
لە میسر دەستبەسەر پەیکەری ئەفرۆدایت-دا گیرا کە خەریکبوو بەقاچاخ ببرێتە دەرەوە

2022-10-24 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەوار لە میسر رایگەیاند کە تیمەکانی فەرمانگەی گومرک و ئاسایشی بەندەری نووەیبع لەسەر دەریای سوور، رێگریان کردووە لە بردنەدەرەوەی هەزار و ٧٥٢ پارچە شوێنەواری مێژوویی بۆ دەرەوەی وڵات کە پەیکەری ئەفرۆدایت (خواوەندی جوانی، خۆشەویستی و هەستوسۆز لەلایەن یۆنانییەکان)یشیان لەنێودایە.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەوار لە میسر بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە ئاسەوارە مێژووییەکان لە ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی گەورەدا کە بۆ گواستنەوەی میوە بەکارهاتووە، شاردرابوونەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە لەسەر زانیارییەکی هەواڵگریی لەبارەی قاچاخچێتی شوێنەواری مێژوویی، ئۆپەراسیۆنێک رێکخراوە و ئەو شوێنەوارە مێژووییانە لە بەرژەوەندی وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەوار دەستیان بەسەردا گیراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە لێکۆڵینەوە لەسەر ئاسەوارەکان کراوە و رێکاری یاسایی پێویست لەو بارەیەوە ئەنجام دەدرێت.

بەپێی راگەیەندراوەکە ئەو شوێنەوارە مێژووییانەی دەستیان بەسەردا گیراوە و تێکڕایان ژمارەیان هەزار و ٧٥٢ شوێنەوارە، پەیکەرێکی برۆنزیی خوداوەند ئەفرۆدایت کە مێژووەکەی دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی لەنێویاندا هەیە لەگەڵ هەزار و ٧٢٢ سکەی رۆمانی.

لە راگەیەندراوەکەدا زانیاری لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسانە نەخراوەتەڕوو کە بەنیازبوون کاری قاچاخچێتیەکە ئەنجام بدەن و بۆ چ شوێنێکی ببەن.