دادگایەکی عێراقی سزای زیندانییکردنی ھەتاھەتایی بۆ دوو بازرگانی ماددەی ھۆشبەر دەرکرد
دیجیتال میدیای سپێده
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق رایگەیاند کە دادگای تاوانەکانی میسان، سزای زیندانییکردنی ھەتاھەتایی بۆ دوو بازرگانی ماددەی ھۆشبەر دەرکردووە.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دادگای تاوانەکانی میسان، سزای زیندانییکردنی ھەتاھەتایی بۆ بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر دەرکردووە کە پێشتر لە یەکێک لە بازگاکانی شاری عەمارە بە چوار کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەرەوە دەستگیرکرابوو.
راشیگەیاندووە کە دادگای ناوبراو، ھەروەھا سزای زیندانییکردنی ھەتاھەتایی بۆ بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر دەرکردووە کە پێشتر لە کاتی گواستنەوەی ماددەی ھۆشبەردا لە قەزای قەلعەت سوککەر بە ١٥ کیلۆ گرام ماددەی ھۆشبەرەوە دەستگیرکرابوو.
باسی لەوەش کردووە کە سزاکان بە پشت بەستن بە ماددەی ٢٨ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان ژمارە ٥٠ بۆ ساڵی ٢٠١٧ دەرکراون.
لە ماددەی ٢٨ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە عێراق ئاماژە بەوەکراوە، ھەر کەسێک بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەرەوە بکات، سزای زیندانییکردنی ھەتاھەتایی بۆ دەردەکرێت، ھەروەھا بە ١٠ ملیۆن دینار تا ٣٠ ملیۆن دینار پێ بژاردن سزا دەدرێت.