هەواڵی کوردستان ئێستا

سه‌رۆكی ئۆكرانیا داوای سیستمی به‌رگریی ئاسمانیی له‌ ئیتاڵیا ده‌كات

سه‌رۆكی ئۆكرانیا داوای سیستمی به‌رگریی ئاسمانیی له‌ ئیتاڵیا ده‌كات
سه‌رۆكی ئۆكرانیا داوای سیستمی به‌رگریی ئاسمانیی له‌ ئیتاڵیا ده‌كات

2022-10-25 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

سه‌رۆكی ئۆكرانیا، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسكی داوای سیستمی به‌رگریی ئاسمانیی له‌ ئیتاڵیا كرد دژی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی رووسیا.

له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی به‌ناوبانگی کۆرێرا دێلا سێرا، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسكی لێدوانی سه‌باره‌ت به‌ دوایین پێشهاته‌كانی جه‌نگ و به‌ره‌وپێشچوونه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، دا.

زێلێنسكی ئاشكرایكرد، له‌گه‌ڵ جیۆرجیا مێلۆنی له‌دوای ماریۆ دراگی كه‌ بووه‌ته‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیتاڵیا، "په‌یوه‌ندییه‌كی ناوازه‌یان دامه‌زراندووه‌" و مێلۆنی بۆ كیێڤ بانگێشت كردووه‌.

سه‌رۆكی ئۆكراینا سوپاسی ئیتاڵیای كردووه‌ بۆ هاوكارییه‌كانی و رایگه‌یاندووه‌: "پێویستمان به‌ سیستمی به‌رگریی ئاسمانییه‌. ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ چاره‌نووسسازه‌. ده‌مانه‌وێت په‌نابه‌رانمان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئۆكراینا. ناچارین ئابوورییمان سه‌رله‌نوێ بنیات بنێینه‌وه‌، ده‌بێت منداڵان بتوانن بڕۆنه‌ خوێندنگه‌، كۆمه‌ڵگه‌ جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ حاڵه‌تی ئاسایی. بۆ ئه‌وه‌ش پێویستمان به‌ چه‌كه‌ كه‌ به‌ره‌نگاری هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان ببێته‌وه‌ و ده‌سته‌به‌ری ئاسایشی مه‌ده‌نییه‌كان بكات. ئیتاڵیا له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیادا سیستمی به‌رگریی ئاسمانیی به‌رهه‌م ده‌هێنێت. هیوادارین هاوكارییمان بكه‌ن".

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی باسی له‌وه‌ش كرد چین له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ هاوكاریی رووسیای نه‌كردووه‌ له‌م جه‌نگه‌دا و ئه‌مه‌ی به‌ گرنگ ناوبرد و رایگه‌یاند: "هیوادارم په‌كین له‌ جددییه‌تی كرده‌وه‌كانی رووسیا هه‌ر له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی دژی وێستگه‌ ئه‌تۆمییه‌كان و گه‌مارۆدانی ده‌ریای ره‌ش، تێگه‌یشتبێت. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر چین بانگه‌وازی راگرتنی جه‌نگ بكات، ئه‌وا مۆسكۆ ئه‌مه‌ ده‌بیستێت".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی ئێران له جه‌نگه‌كه‌دا، زێلێنسكی رایگه‌یاند: "دڵته‌نگم به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ روونه‌ كه‌ تاران سه‌دان فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی بۆ رووسه‌كان دابینكردووه‌ و هه‌زارانیشیان له‌ رێگایه‌".

ئه‌وه‌ وه‌بیری زێلێنسكی هێنرایه‌وه‌ كه‌ تاران ئه‌و پرسه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و له‌ وه‌ڵامدا رایگه‌یاند: "بێگومان به‌ڵگه‌مان هه‌یه‌ بۆ ئه‌مه‌. ئه‌وانیش ئه‌مه‌ ده‌زانن. خوازیارین ده‌ستبه‌جێ كۆتایی به‌مه‌ بهێنن".