میری قەتەر: "رووبەڕووی هەڵمەتێک بووینەوە کە وێنەی نەبووە"
دیجیتال میدیای سپێده
میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی رایگەیاند لەو کاتەوەی کە وڵاتەکەی مافی میواندارێتی جامی جیهانی بردووەتەوە، رووبەڕووی هەڵمەتێکی بێوێنە بوونەتەوە کە پێشتر هیچ وڵاتێکی میوانداری مۆندیال رووبەڕووی نەبووەتەوە.
تەمیم بن حەمەد ئال سانی لە میانی کردنەوەی دووەم دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی شورای قەتەر گوتارێکی پێشکەش کرد.
میری قەتەر لە گوتارەکەیدا باسی لە چالاکییەکانی جامی جیهانیی ٢٠٢٢ی کرد کە لە ٢٠ی تشرینی دووەم-١٨ی کانوونی یەکەم لە قەتەر بەڕێوەدەچێت و گوتی: "لەو کاتەوەی کە شەرەفی میواندارێتی جامی جیهانیمان بەدەستهێناوە، رووبەڕووی هەڵمەتێکی بێوێنە بووینەتەوە کە پێشتر هیچ وڵاتێکی میوانداری مۆندیال رووبەڕووی نەبووەتەوە".
تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرەتا ئەو دۆخەیان بە نیازپاکی وەرگرتووە و تەنانەت بیریان لەوە کردووەتەوە کە هەندێک لەو رەخنانە ئەرێنی و بەسوودن و هاوکار دەبێت بۆ پەرەدان بەو بابەتانەی کە پێویستە.
میری قەتەر سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە بۆیان دەرکەوت کە هەڵمەتەکان بەردەوام و فراوان بوون و هەندێک بوختان و دووپێوەری لە خۆگرتووە و رایگەیاند توندی دۆخەکە گەیشتە ئەو ئاستەی کە وای کرد کەسانێکی زۆر لە هۆکارە راستەقینەکانی پشت ئەو هەڵمەتە بپرسنەوە.
ئال سانی گوتی: "جامی جیهانی نەک تەنها لە رووی هێزی ئابووری و دامەزراوەکانمان بەڵکو لە هەمان کاتدا دەرفەتێکە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی ناسنامەی شارستانییەتماندا بە کورتی نیشانی بدەین کە کێین".
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ وڵاتێک بە قەبارەی قەتەر کە لە رێگەی ئەوەی ئەنجامیداوە و ئەنجامیدەدات کاریگەری لە هەموو جیهان دەکات.
میری قەتەر لە گوتارەکەی سوپاسی ژمارەیەک وڵاتی کرد و برا و دۆست ناوی بردن کە تواناکانیان خستووەتە بەردەستیان و رایگەیاند یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو جۆرە چالاکییانەی کە هاندانی هاوکاری، برایەتی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانە و گوتیشی، "ئەمە پاڵەوانێتی هەمووانە و سەرکەوتنی پاڵەوانێتییەکە سەرکەوتنی هەمووانە".