سعوودیە: 'بەکارهێنانی یەدەگی نەوتی باری لەناکاو لە مانگەکانی داهاتوودا کێشە دروست دەکات'
دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزیری وزەی سعوودیە، عەبدولعەزیز بن سەلمان ئاماژەی بەوە کرد کە بەکارهێنانی یەدەگی نەوتی باری لەناکاو لە مانگەکانی داهاتوودا، کێشە دروست دەکات.
عەبدولعەزیز بن سەلمان لە میانی بەشداریکردنی لە شەشەمین کۆنفرانسی دەستپێشخەری وەبەرهێنانی داهاتوو کە لەلایەن سندوقی وەبەرهێنانی گشتیی سعوودیەوە رێکخراوە، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا باسی لەوە کرد، ئەرکی ئەوە کە هۆشداری بدات لەبارەی بەکارهێنانی یەدەگی ستراتیجیی و رایگەیاند: 'لەبەرئەوەی تەواوبوونی عەمباری یەدەگ دەرەنجامی خراپی هەیە. بەکارهێنانی یەدەگی نەوتی باری لەناکاو لە مانگەکانی داهاتوودا، کێشە دروست دەکات. هەمووان باس لە وەستانێکی بەهێز دەکەن، گرنگە خۆمان دژبە خراپترین دۆخ بپارێزین. پێویستە هەردەم لە ئامادەباشیدا بین بەرامبەر خراپترین دۆخ'.
وەزیری وزەی سعوودیە باسی لەوە کرد کە ئەورووپا کێشەی جیددیی هەیە لە دابینکردنی سووتەمەنیدا و ریاز گفتوگۆی کردووە لەگەڵ حکوومەتەکانی ئەورووپادا بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە و گوتی: 'لە مانگەکانی داهاتوودا، نەوت بۆ هەموو ئەوانەی پێیوستییانە دابین دەکەین'.
ئەمریکا رایگەیاندبوو کە پلانیان هەیە ١٥ ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی نەوتی ستراتیجیی بخەنەڕوو بۆ بەکارهێنان.
کۆشکی سپی لە ١٩ی تشرینی یەکەم بڵاوی کردەوە کە جۆ بایدن لە ٢٦ی هەمان مانگدا، رێوشوێنی نوێ رادەگەیەنێت بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی ئەمریکا، هاندانی وەبەرهێنان و کەمکردنەوەی خەرجییەکان.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوبوو کە لەو چوارچێوەیەدا، رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی وزە بەیاننامەی فرۆشتنی ١٥ ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی نەوتی ستراتیجی کە لە مانگی کانوونی یەکەم رادەست دەکرێت، بڵاودەکاتەوە.
پلانی فرۆشتنی زیاتری یەدەگی نەوتی ستراتیجیی لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدن-ەوە دوای بڕیاری گرووپی ئۆپیک پڵاس دێت کە بڕیاری دا لە تشرینی دووەمەوە رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت کەمتر بەرهەم بهێنێت.