هەواڵی کوردستان ئێستا

سوودانی: "بەپێی دەستوور کێشەکانی بەغدا-ھەولێر چارەسەر دەکەین"

سوودانی:
سوودانی: "بەپێی دەستوور کێشەکانی بەغدا-ھەولێر چارەسەر دەکەین"

2022-10-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەچوارچێوەی کارنامەی حکوومەتەکەیدا رایگەیاندووە "پڕۆژە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر پێشکەش دەکەن و بارەگای پارتە کوردییەکان لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین و دیالە کە بە دەستی لایەنی دیکەوەن، چۆڵدەکرێن".

کارنامەی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی کە پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی کردووە بڵاوکرایەوە و تیایدا ئاماژەی بەو پرسە گرنگانە کردووە کە لەپێشترینن لە کاری حکوومەتی نوێدا.

سوودانی لە کارنامەکەیدا رایگەیاندووە کە لەچوارچێوەی دەستووردا، پڕۆژە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشکەش دەکەن، ھەروەھا کار دەکەن لەسەر گەڵاڵەکردنی یاسا و نەوت گاز.

راسپێرداو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق جەختی کردووەتە لەسەر ئەوەی کە پارتە کوردییەکان مافی خۆیانە لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەددین و دیالە چالاکی سیاسیی خۆیان ئەنجام بدەن و ئاشکراشی کردووە، بارەگای پارتە کوردییەکان لە کەرکووک و نەینەوا و دیالە و سەڵاحەدین کە بەدەست لایەنی دیکەوەن، چۆڵدەکرێن.

محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی رێککەوتنی ئەمنی نێوان ھێزەکانی فیدراڵیی و پێشمەرگە ئەوەی خستووەتەڕوو کە لەچوارچێوەی کارنامەکەیدا، کار دەکەن بۆ تەواوکردنی رێوشوێنەکانی تایبەت بە رێککەوتنی پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان ھێزەکانی حکوومەتی فیدراڵیی و پێشمەرگە.

ھەروەھا جەختی کردووەتەوە کە ھەماھەنگیی لەنێوان حکوومەتی فیدراڵیی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو دۆسیانەی پەیوەندیدارن بە ھەرێمی کوردستانەوە دەکرێت و راشیگەیاندووە کە ناوەندەکانی خوێندنی کوردی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی فیدراڵییەوە دەبەسترێنەوە.

راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لەچوارچێوەی کارنامەکەیدا، باسی لەوەش کردووە کە رێککەوتننامەی شنگال خراوەتە نێو کارنامەی حکوومەتەوە بۆ ئەوەی ئارامی بۆ قەزاکە بگەڕێتەوە و رایگەیاندووە کە لە ماوەی مانگێک دوای پێکھێنانی حکوومەت، لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ پێکدەھێندرێتەوە.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو، ئەو کەسانەی کە ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە قەرەبوو دەکرێنەوە، ھەروەھا ھێزی پۆلیسی ئامادە لە خەڵکی کەرکووک پێکدەھێندرێت، دۆسیەی ئەمنی شارەکەیش لەلایەن ئەو ھێزەوە بەڕێوەدەبرێت.

محەمەد شیاع سوودانی لەچوارچێوەی کارنامەی حکوومەتەکەیدا، راشیگەیاندووە کە ھەوڵەکانی لە پێناو لەناوبردنی گەندەڵی، ھەروەھا بەھەدەردانی سامانی گشتیی دەخاتەگەڕ و کار دەکات لە پێناو زیادکردنی بەرھەمی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، باشترکردنی کەرتی پیشەسازی و گەڕانەوەی متمانە بۆ بەرھەمی خۆماڵی، هەروەها پەرە دەدەن بە پیشەسازی نەوت.

سوودانی جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە حکوومەتەکەی بوودجەی گشتیی بۆ بەڕێوەبردنی سامانی گشتیی و کەمکردنەوەی فشاری خەرجییەکانی بەکاربردن ئامادە دەکات و کار دەکات بۆ باشترکردنی کوالێتی خزمەتگوزارییە پەیوەندییەکان، هەروەها پەرە دەدەن بە کەرتی گواستنەوە.

بەشێکی کارنامەی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی تایبەتە بە باشترکردنی سیستەمی پەرەوەردە و لەوبارەیەوە، باسی لەوە کردووە کە کار دەکەن بۆ بەدیھێنانی سیستەمێکی باش تایبەت بە پەروەردە و فێرکردن.

راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ لەبارەی کەرتی وەبەرھێنان و گەشتوگوازریشەوە ئەوەی خستووەتەڕوو کە کار دەکات بۆ فراوانکردنی ئاسۆی وەبەرھێنان و کاراکردنی کەرتی گشتوگوزار، ھەروەھا ھەمەجۆرکردنی سەرچاو ئابوورییەکان.

سوودانی لەبارەی سیاسیەتی نیشتەجێکردنەوە رایگەیاندووە کە سیاسیەتێکی نیشتەجێکردن کە ھاوسەنگ بێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دیموگرافی دانیشتوان پەیرەو دەکەن.

باسی لەوەش کردووە کە پرسەکانی مافی مرۆڤ کارا دەکەن و ھەوڵەکانیشی بۆ پتەوترکردنی سەروەری عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەخەنەگەڕ.

سوودانی راشیگەیاندووە کە کار دەکەن لە پێناو بەھێزکردنی دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکان و جەختیشی کردووەتەوە کە کۆتایی دەھێنن بە دیاردەی ھەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی یاسا.

راسپێرداو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ئاماژەی بەوەیشداوە کە دوای دەستبەکاربوونی حکوومەتەکەی، پڕۆژەی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەش دەکەن و ئاشکراشی کردووە کە کار دەکەن بۆ ئەوەی لە میانی ساڵێکدا ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

ئەمەیش لە کاتێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنێکی تایبەت بە مەبەستی دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکوومەت، بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی و کارنامەکەی ئەنجام دەدات.