هەواڵی کوردستان ئێستا

" دکتۆر كازم لەم چەند مانگەدا هیچ بڕە پارەیەکی لە ژمارە حسابی دەرنەکراوە"

" دکتۆر كازم لەم چەند مانگەدا هیچ بڕە پارەیەکی لە ژمارە حسابی دەرنەکراوە"

2022-10-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


پەرلەمنتاران عەلی حەمەس ساڵح و ئەبوبەکر هەڵەدنی و عومەر گۆڵپی لە بەدواداچونێكیاندا ڕایانگەیاند، هەرچەندە موچە لەم دۆخەی دکتۆر كازمدا بابەتێکی لاوەکیە بەڵام لەم چەند مانگەدا هیچ بڕە پارەیەکی لە ژمارە حسابی دەرنەکراوە

‎ئەمڕۆ پێنجشەممە ‎٢٧ی ١٠ی ٢٠٢٢ پەرلەمنتاران عەلی حەمەس ساڵح و ئەبوبەکر هەڵەدنی و عومەر گۆڵپی لە بەدواداچونێكیاندا ڕایانگەیاند: هاوڕێمان كاك دکتۆر کازم فاروق، لە دۆخێکی تەندروستی خراپدایە، لە خودا داوا دەكەین شیفای بدات، لە ئێستەدا کەس و كارەكەی تەنیا داوای دوعای خێریان هەیە لە خەڵكی كوردستان.کە ٧٢ کاتژمێری بۆ دانراوەو ٢٤ کاتژمێری ئەو ماوەیە تێپەڕیوە.. بۆ نوێترین زانیاری لە دۆخی تەندروستی چاوەڕێی وەڵامی بۆردی پزیشکی چاودێری دکتۆر کازمن.

‎ئاماژەیان بەوەشكرد: هەرچەندە موچە لەم دۆخەی كاك دکتۆر كازمدا بابەتێکی لاوەکیە، موچە بەیاساش ڕێکخراوە و تا ئێستاش دکتۆر كازم بە پێی یاسا ئەندامی پەرلەمانە، ئەگەر دکتۆر کازم دەوامی نەکردبێت بەویستی خۆی نەبووەو خۆی ئامادەبووە ئەركەكانی ڕاپەڕێنێت.

‎ئەوەشیان خستەڕوو: بەهۆی نیگەرانی کەسوکاری لە وروژاندنی بابەتی موچە، ئێمە بەدواداچونمان کرد، بزانین ئایا کەس لەبری دکتۆر کازم موچەکەی وەرگرتوە؟ داوای حساباتی بەڕێز دکتۆر کازممان کردو داوامان لە بەشی حسابات کرد زانیاریمان پێبدات، دەرکەوت : لەماوەی ئەم چەند مانگەی کە دۆخی تەندروستی خراپە، نەخۆی و نەهیچ کەسێکی هیچ بڕە پارەیەکی لە ژمارە حسابی دەرنەکردوە.

‎ئەو سێ پەرلەمانتارە ئەوەشیان خستە ڕوو: ئەمڕۆ پاش هەواڵپرسینی، بەڵێنمان بە کەسوکاری دایەوە، لەگەڵ هاوڕێ پەرلەمانتارەکانمان هەموو لێکۆڵینەوەو بەدواداچونێک بۆ دۆخی دکتۆر کازم دەکەین و ئەو كاتەی پێویست بوو بە ئاگاداری خۆی یان كەس و كاری ڕایگشتی ئاگادار دەكەینەوە.
خودا شیفای دکتۆر کازم فاروق بدات.