دوای چه‌ند كاتژمێرێك له ده‌ستبه‌كاربونی، حكومه‌ته‌كه‌ی سودانی ڕووبهروهى یه‌كه‌مین خۆپیشاندان بووه
دیجیتاڵ میدیای سپێده
شه‌وى رابردوو دوای چه‌ند كاتژمێرێك له ده‌ستبه‌كاربونی حكومه‌تی نوێ به‌سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سودانی، یه‌كه‌مین خۆپیشاندان له پارێزگای زیقاری باشوری عێراق، دژی حكومه‌ته نوێیه‌كه ئه‌نجامدراو، خۆپیشانده‌ران پشك پشكێنهیان ره‌تكرده‌وه كه حكومه‌ته‌كه‌ی سودانی له‌سه‌ر پێكهێنراوه.
خۆپیشانده‌رانی پارێزگای زیقار ئه‌مشه‌و له گۆڕه‌پانی حبوبی، ناوه‌ڕاستی شاری ناسرییه، گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامداو، له‌رێگه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی ناڕه‌زایی و سوتاندنی تایه‌وه، ناڕه‌زایی خۆیان به‌رامبه‌ر حكومه‌تی نوێ به‌سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سودانی ده‌ربڕی.
خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێن، كابینه‌ی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شكاری حزبی و پشك پشكێنه پێكهێنراوه، ئه‌وه‌ش له‌لای شه‌قام ره‌تكراوه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌وان ئه‌و حكومه‌ته په‌سه‌ند ناكه‌ن.
دوای تێپه‌ڕبونی زیاتر له ساڵێك به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مان، ئه‌مشه‌و په‌رله‌مانی عێراق كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی به سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سودانی پهسهندكردو، متمانه‌ی به 21 وه‌زیریش به‌خشی.
محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له په‌رله‌مان، رایگه‌یاند، كه‌رته‌كانی ته‌ندروستی، كاره‌با، خزمه‌تگوزارییه‌كان، روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و گرنگیدان به كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی له پێشینه‌ی كاری حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌بن.
وتیشی، حكومه‌ت پلانی كورتخایه‌ن، مام ناوه‌ند و درێژخایه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی بێكاری ئاماده ده‌كات، هه‌روه‌ها كار ده‌كات بۆ باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتیان و، دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كار بۆ ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگاكان.