ئەمریکا و پۆڵەندا لەسەر دروستکردنی وێستگەیەکی ئەتۆمی گەیشتنە رێککەوتن
دیجیتاڵ میدیای سپێدە
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، ماتیوسز مۆراویکی رایگەیاند کە لەگەڵ ئەمریکا گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دروستکردنی وێستگەیەکی ئەتۆمی.
ماتیوسز مۆراویکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە رێککەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و پۆڵەندا، سەرکەوتن بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمریکا، جێنیفەر گرانهۆڵم، ئاشکرا کردووە کە لە بارەی وزەی ئەتۆمییەوە لەگەڵ کۆمپانیای وێستینگهاوس گەیشتووینەتە رێککەوتن.
لای خۆیەوە وەزیری وزەی ئەمریکا، جێنیفەر گرانهۆڵم ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەسەر یەکەم بەشی پڕۆژەیەکی ئەتۆمی بە گوژمەی ٤٠ ملیار دۆلار لەگەڵ پۆڵەندا گەیشتوونەتە رێککەوتن.
جێنیفەر گرانهۆڵم بە ئاماژەدان بەوەی ئەم پڕۆژەیە هەلی کار بۆ زیاتر لە ١٠٠ هەزار ئەمریکیی دەستەبەر دەکات، جەختی لەوە کردەوە کە لە رووی ئاسایشی وزەوە گرنگییەکی زۆری هەیە.
گرانهۆڵم بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕێککەوتنی وزەی ئەتۆمی پەیامێکە بۆ رووسیا، رایگەیاند "چیتر رێگە نادەین وزەی ئەتۆمی وەک چەک بەکاربهێنن. لە کاتێکدا رۆژئاوا پێکەوە دژی ئەم دەستدرێژییە بێ پاساوە دەوەستێتەوە، هەوڵ دەدات زنجیرەکانی دابینکردنی وزە هەمەچەشن بکات و هاوکارییەکانی تایبەت بە کەشوهەوا بەهێزتر دەکات". دەستەواژەکانی بەکارهێناوە.
لەم بارەیەشەوە وەزیری ژینگە و کەشوهەوای پۆڵەندا، ئانا مۆسکوا، ئاماژەی بەوەدا کە رێککەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و پۆڵەندا، بۆ هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات گرنگە و گوتیشی: "سەرکێشی ئەمریکا و پۆڵەندا لە ئێستاوە دەست پێدەکات".
بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٦دا دەست بە دروستکردنی وێستگە ئەتۆمییەکە بکرێت و یەکەم ریاکتۆری وێستگەکەش لە ساڵی ٢٠٣٣دا بکەوێتە کار.