سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ باڵیۆزی ئێران کۆبووەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و باڵیۆزی ئێران لە عێراق، محەمەد کازم ئال سادق پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و تاران-یان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە باڵیۆزی ئێران لە عێراق، محەمەد کازم ئال سادق و کۆبوونەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد کازم ئال سادق پیرۆزبایی سەرکردایەتی ئێرانی بە محەمەد شیاع سوودانی گەیاندووە، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، ھەروەھا وەرگرتنی متمانەی حکوومەتەکەی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە.
باسی لەوەش کردووە کە پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، ھەروەھا گەشەپێدان بە ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران لەسەرجەم بوارەکاندا، تاوتوێ کراوە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئیدانەی ئەو ھێرشە تیرۆریستییەی کردووە کە بەم دواییە لە شاری شیراز باشووری ئێران ئەنجامدرا و پشتگیری حکوومەت و گەلی عێراقی بۆ کەسوکاری قوربانییانی تەقینەوەکە دووپات کردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لەسەر گرنگی شەراکەت و کاری دووقۆڵی نێوان عێراق و ئێران لە پێناو گەشەسەندی بەردەوام لە بەرژەوەندی ھەردوو وڵاتدا، ھەروەھا کارکردن لە پێناو پتەوترکردنی سەقامگیریی بۆ ھەموو گەلانی ناوچەکە.