هەواڵی کوردستان ئێستا

میسر ئامادەکاری بۆ لوتکەی کەشوهەوای نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات

میسر ئامادەکاری بۆ لوتکەی کەشوهەوای نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات
میسر ئامادەکاری بۆ لوتکەی کەشوهەوای نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات

2022-10-30 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

میسر ئامادەکاری بۆ لوتکەی کەشوهەوای نەتەوەیەکگرتووەکان (COP27) دەکات کە بڕیارە لە رۆژانی شەش تا ١٨ی تشرینی دووەم لە شاری شەرەمشێخ، ساز بکرێت.

لوتکەکە، هەموو ساڵێک بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆکی وڵاتان ئەنجام دەدرێت، ئەمساڵیش میسر بۆ یەکەمجار وەک وڵاتێکی ئەفریقی، میوانداری لوتکەکە دەکات کە تیایدا گفتوگۆ لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا و رێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەم گۆڕانانە، دەکرێت.

هەرچەندە هەندێک لە ئامادەکارییەکانی حکوومەتی میسر بوونەتە جێگای رەخنەی ژینگەپارێزان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ، بەڵام بەشێکی ئامادەکارییەکانیش نیشاندەری زیاد کردنی هۆشیاری نەوەی نوێیە بەرامبەر بە ژینگە.

بڕیاریشە هاوکات لەگەڵ لوتکەکەدا، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ژینگەپارێزان، خۆپیشاندان ئەنجامبدەن و ئیدانەی سیاسەتی هەندێک لە وڵاتان و پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ژینگە، زیادبوونی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن، پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین، بکەن.

پارێزگاری باشووری سینا، خالید فۆدە، دەربارەی ئەم پرسە لێدوانی بۆ کەناڵێکی وڵاتەکەی دا و باسی لەوە کرد کە لایەنە پەیوەندیدارەکان چەند شوێنێکی تایبەت بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکان، دیاری دەکەن و رێگە بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانی هێمنانەی دوور لە گێرەشێوێنی دەدرێت.

- ناوچەی شین و ناوچەی سەوز

ناوچەی "شین" و ناوچەی "سەوز" بەشێکن لە ئامادەکارییەکانی حکوومەتی قاهیرە، بۆ لوتکەی کەشوهەوا. ناوچەی "سەوز" لەلایەن مامۆستایانی زانکۆ، هونەرمەندان و گەنجانی بەهرەمەندەوە بۆ پەرەپێدانی بیرۆکەکانی تایبەت بە ژینگە دروست کراوە.

گەنجان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەتوانن پڕۆژەکانی تایبەت بە ژینگە، لەم ناوچەیەدا نمایش بکەن.

ناوچەی "شین"یش تایبەت دەبێت بە شوێنی کۆبوونەوە و وێنە گرتنی سەرۆک و شاندی وڵاتان، بۆ ئەوەی بەشداربووان بتوانن هەموو چالاکییەکان ببینن، ئەم دوو ناوچەیە نزیک لە یەک دروست دەکرێن.

حکوومەتی میسر، گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای کۆکاکۆلا، واژۆ کردووە تا ببێتە یەکێک لە سپۆنسەرە فەرمییەکانی لوتکەکە، بەهۆی ئەوەی چالاکییەکانی ئەم کۆمپنایایەش لەگەڵ ئامانجەکانی لوتکەی کەشوهەوا ناگونجێن، واژۆ کردنی گرێبەستەکە بووەتە جێگای رەخنەی ژینگەپارێزان و داوا دەکەن حکوومەتی قاهیرە لەو گرێبەستە پاشگەزبێتەوە.

هەروەها دیاری کردنی شەرەمشێخ وەک شوێنی ئەنجامدانی لوتکەکە، یەکێکی دیکەیە لەو شتانەی رەخنەی لێدەگیرێت، چونکە دوورە لە قاهیرەی پایتەختەوە و رێگای سەرەکی گەیشتن بە شارەکەش بە بیابانی سینادا تێدەپەڕێت.

لە بەرامبەریشدا لایەنە پەیوەندیدارەکانی میسر وەک جێگرەوەیەک بۆ رێگای وشکانی لە فڕۆکەخانەکانی قاهیرە و شەرەمشێخ ئامادەکاری تەواویان بۆ پێشوازی لە شاندی وڵاتان کردووە.