ئەمریکا لە بەرنامەیدایە فڕۆکەی بۆردومانی جۆری B-52 لە باکووری ئوسترالیا جێگیر بکات
دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئەمریکا لە بەرنامەیدایە فڕۆکەی بۆردومانی جۆری B-52 کە توانای هەڵگرتنی ئەتۆمی هەیە لە باکووری ئوسترالیا جێگیر بکات.
بەپێی ئەو راپۆرتەی لە بەرنامەی "Four Corners"لە کەناڵی پەخشی گشتیی ئوسترالیا ABC بڵاو کراوەتەوە، دەرکەوتووە ئەمریکا لە بەرنامەیدایە شەش فڕۆکەی بۆردومانی جۆری B-52 کە توانای هەڵگرتنی ئەتۆمی هەیە لە بنکەی سەربازیی ئاسمانی تیندڵ کە دەکەوێتە باکووری ئوسترالیا جێگیر بکات.
سەرچاوەکانی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بە "Four Corners"یان راگەیاندووە کە توانای جێگیرکردنی ئەو جۆرە فڕۆکەیە لەلایەن ئەمریکاوە لە ئوسترالیا لەوانەیە وەک پەیامێکی بەهێز بێت بەرامبەر "دوژمنان".
بێکا واسەر لە بنکەی ئاسایشی ئەمریکای نوێ (CNAS) لەمبارەیەوە گوتوویەتی: "بوون بە خاوەنی فڕۆکەی بۆردومان کە توانای هێرشکردنی هەیە، رەوانەکردنی پەیامێکی گرنگە بۆ چین لەهەمبەر ئەنجامدانی هەر جۆرە کردەیەک لە بەرامبەر تایوان".
وەزارەتی بەرگریی ئوسترالیا زانیاری نەداوە کە ئەم جۆرە فڕۆکانە چ کاتێک جێگیر دەکرێن لە باکووری ئەم وڵاتە.
پسپۆڕانی پەیوەندیدار ئاماژە بەوە دەدەن کە جێگیرکردنی فڕۆکەی بۆردومان لە باکووری ئوسترالیا وەک جموجۆڵێکی دنەدەرانە لێک دەدرێتەوە و بەم کارە راستەوخۆ چین بە ئامانج دەگیرێت.