کرملین: "ئامادەیی تورکیا هۆکاری سەرەکی کارکردنەوەیە بە رێککەوتننامەی دانەوێڵە"
دیجیتاڵ میدیای سپێده
گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ بە ئاماژەدان بەوەی کە ئامادەیی تورکیا هۆکاری سەرەکی کارکردنەوەیە بە رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵە، رایگەیاند: "هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەنقەرە بە تایبەت سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی، شایانی ستایشی زۆرە".
دمیتری پێسکۆڤ لەبارەی گەڕانەوەی رووسیا بۆ رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵە لە ئۆکرایناوە بۆ بازاڕەکانی جیهان لە رێگای دەریای رەش و رۆڵی تورکیا لەم پرۆسەیەدا، بە میدیاکارانی راگەیاند: "هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەنقەرە بە تایبەت سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی، شایانی ستایشی زۆرە. بوونی تورکیا لە رێککەوتننامەی دەستپێکردنەوە بە رەوانەکردنی دانەوێڵە، هۆکاری سەرەکی متمانەیە بە رێککەوتنەکان".
گوتەبێژی کرملین بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە رێککەوتننامەکە ١٩ی ئەم مانگە کۆتایی دێت، گوتی: "بۆ درێژکردنەوەی ماوەی رێککەوتننامەکە پێویستە لە کەناڵە فەرمییەکانەوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت. هێشتا ماوەی رێککەوتننامەکە تەواو نەبووە. ئەگەر بڕیار بدرێت بۆ درێژکردنەوەی ماوەی رێککەوتننامەکە، پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەری کارپێکردنی بکرێت".
لە ٢٢ی تەمووز بەمەبەستی رەوانەکردنی دانەوێڵە رێککەوتننامەیەک لەنێوان تورکیا، ئۆکراینا، رووسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان واژوو کرا.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە ٢٩ی تشرینی یەکەم رایگەیاند، ئۆکراینا هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە جەنگی و مەدەنییەکانی رووسیا لە بەندەری سیڤاستۆپۆل لە کریمیا. هەمان رۆژ رووسیا رایگەیاند کە رێککەوتننامەی پەیوەندیدار بە رەوانەکردنی بەروبوومەکانی دانەوێڵە لە ئۆکراینا بەشێوەیەکی ماوە بۆ دیاریی نەکراو هەڵپەساردووە.
دوێنێ گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشنیکۆڤ رایگەیاند کە بەهۆی پشتیوانی تورکیا و بە بەشداری نەتەوە یەکگرتووەکان دڵنیاییدانی نووسراوی پێویستیان لە ئۆکراینا وەرگرتووە و گوتی: "رووسیا ئەو دڵنیایییانەی وەری گرتوون بەتەواو دەزانێت و بەردەوام دەبێت لە بەشداریکردن لە رێککەوتننامەی پەیوەندیدار بە رەوانەکردنی دانەوێڵە".