هەواڵی کوردستان ئێستا

گوتیرێس: پابەندبوونی خۆم بۆ درێژەدان بە هاریکاری لەگەڵ حکوومەتی عێراق دووپات دەکەمەوە

گوتیرێس: پابەندبوونی خۆم بۆ درێژەدان بە هاریکاری لەگەڵ حکوومەتی عێراق دووپات دەکەمەوە
گوتیرێس: پابەندبوونی خۆم بۆ درێژەدان بە هاریکاری لەگەڵ حکوومەتی عێراق دووپات دەکەمەوە

2022-11-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس پابەندبوونی خۆی بۆ درێژەدان بە هاریکاری لەگەڵ سەرکۆمار و حکوومەتی عێراق دووپات کردەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە، عەبدوللەتیف رەشید بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرکۆماری عێراق پەیامێکی پیرۆزبایی لە ئەنتۆنیۆ گوتیرێسەوە پێگەیشتووە.

سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پەیامەکەیدا بۆ سەرکۆماری عێراقی نووسیووە: "ئەزموونی ئێوە و سەرکردایەتی رۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراسی فیدراڵی یەکگرتوو بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بکات".

ئەنتۆنیۆ گوتیرێس راشیگەیاندووە "پێکهێنانی حکوومەتێکی کاریگەر بە دەسەڵاتی تەواو توانای وەڵامدانەوەی داواکارییە رەواکانی دەبێت لە رێگەی چاکسازیی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەروەها پێویستیش دەبێت بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ گەلی عێراق بە تایبەت بۆ ژنان و گەنجان".

گوتیرێس جەختی لەوەشکردووەتەوە، "عێراق وەک یەکێک له وڵاتانی دامەزرێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان، هاوکاریی بەردەوامی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووه کاندا هەیه" و راشیگەیاندووە "جارێکی دیکه دڵنیاتان دەکەمەوە و بەڵێنی تایبەتی خۆم دوپات دەکەمەوە بۆ بەردەوامبوون له هاوکارییەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و بەڕێزتان".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس دووپاتی کردەوە، "دەتوانن پشت بە ئەو پشتگیرییە بەردەوامە ببەستن کە لەلایەن نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی) پێشکەش دەکرێت، بەپێی ئەو ئەرکەی کە ئەنجوومەنی ئاسایش پێی سپاردوە".