ئێران: "چەند مانگێک بەر لە شەڕی ئۆکرانیا ژمارەیەکی سنووردار لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان دا بە رووسیا"
دیجیتاڵ میدیای سپێدە
وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان رایگەیاند، چەند مانگێک بەر لە دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا ژمارەیەکی سنووردار لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ناردووە بۆ رووسیا، بەڵام ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن مووشەکیان بۆ ئەو وڵاتە دابینکردووە، دوورن لە راستییەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمی ئێران (IRNA)، عەبدوڵڵاهیان لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان داوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دوايین پێشهاتەکان سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە.
عەبدوڵڵاهیان ئەو بانگەشانەی رەتکردەوە کە گوایە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێرانی لە شەڕی ئۆکراینادا بەکارهێنراون، گوتی: "ئەو بانگەشانەی کە لەلایەن هەندێک لە وڵاتانی خۆرئاواوە سەبارەت بە بابەتی دابینکردنی مووشەکەوە بڵاوکراونەتەوە، دوورن لە راستییەوە، بەڵام بەشێک لە پرسەکان سەبارەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان راستن. چەند مانگێک بەر لە دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا ژمارەیەکی سنووردار لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان بۆ رووسیا دابین کرد".
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەن بەدواداچوون بۆ ئەو بانگەشانە بکەن کە باس لەوە دەکەن کە ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە شەڕی ئۆکراینادا بەکارهێنراون، رایگەیاند "بێگومان ئەگەر بۆمان بسەلمێنرێت کە رووسیا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانی لە شەڕی ئۆکراینادا بەکارهێناوە، هەڵوێستمان دەبێت و بێباکانە ناوەستین".
عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بەوەش کرد، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، دمیترۆ کولەیبا، رێککەوتبوون کە بەڵگەکانیان بۆ بخەنە بەردەم.
ناوبراو ئەوەیشی خستەروو کە پلان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک بۆ قسەکران لەسەر ئەم باباتە بە بەشداری پسپۆرانی هەردوو وڵات دانرابوو، بەڵام ئۆکراینا دواجار بەهۆی فشارەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا بڕیاری دا بەشداریی لە کۆبوونەوەکەدا نەکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هەڵسەنگاندنی بۆ لێدوانێکی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کرد کە رایگەیاندبوو"ئێران ئازاد دەکەین".
عەبدوڵڵاهیان رایگەیاند "بەرپرسانی ئەمەریکا راستەوخۆ دوای لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکا ئەم بابەتەیان راستکردەوە و لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماتییەکانەوە پێیان راگەیاندین کە ئەمریکا پێگەیەکی لەو شێوەیەی نییە".
ئیدارەی ئۆکراینا رایگەیاندبوو کە رووسیا لە ١٧ی تشرینی یەکەم هێرشێکی بۆ سەر کیێڤی پایتەخت لە رێگەی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی جۆری Şahid-136 ئەنجامداوە کە لەلایەن ئێرانەوە بە رووسیا دراوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کردبوو ئامادەکاری دەکات بۆ پچڕاندنی تەواوی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان لەگەڵ ئێران.
گوتەبێژی کرملین، دیمیتری پێسکۆڤ ئەو تۆمەتانەی رەتکردبووەوە کە باس لە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە ئۆکراینا دەکەن.
لای خۆیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڤێدانت پاتێڵ لە ١٨ی تشرینی یەکەم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندبوو، بەڵگەیان لەبەردەستە کە چەکی دروستکراوی وڵاتی ئێران لە دژی ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکان لە ئۆکراینا بەکارهاتووە.
لە بەرامبەردا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی هەمان رۆژ لە راگەیەندراوێکدا جارێکی دیکە ئەو بانگەشانە رەتکردەوە و رایگەیاند کە ئامادەن بۆ ئەم پرسە لەگەڵ ئۆکراینا گفتوگۆ بکەن.
رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمریكی، لە هەواڵێکدا بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمنی ئەمریكا و خۆرئاوا بڵاویکردبووەوە، ئێران رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ناردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ رووسیا.
ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا ئاماژە بەوە دەکەن فرۆشتنی سیستمی چەک لەلایەن ئێرانەوە بە رووسیا پێشێلکردنی بڕیاری ژمارە ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە.
لە ٢١ی تشرینی یەکەمدا یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا بە پاساوی فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە رووسیا سزایان بەسەر ئێراندا سەپاندبوو.