English | عربي

یەکێتی گومانی هەیە لە راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان


یەکێتی گومانی هەیە لە راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان

2018/10/04 | 23:30

(هەواڵ كوردستان)- لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە، دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی گومان لەو ئەنجامانە دەکات.

لەو راگەیاندراوەدا کە کۆپیەکی بۆ سپی نێردراوە تیایدا هاتووە" دەبێت كۆمسیۆنی هەرێم لە ئاست ئەو لێپرسراوییە مێژووییە بێت، بێلایەنانە هەموو رێكارە یاساییەكان بگرێتە بەر بۆ یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان، لەو چوارچێوەیەشدا یەكێتی هەموو رێكارێكی یاسایی دەگرێتە بەر، تا ئەنجامەكانی كۆتایی هیچ پێشێلیكارییەكی تێدا نەبێت و دوربێت لە دەستوەردان و یاری كردن بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.

گەر كۆمسیۆن لەسەر هەمان رێچكە و بەرنامەبێت، كە سكاڵا یاسایی و سەلمێنراوەكان بەهەند وەرنەگرێت، ئەوا یەكێتی هەڵوێستێكی جیاواز تری دەبێت."

راگەیەندراوێك لە دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە، بۆ رای گشتی و دەنگدەرانی یەكێتی

راگەیاندنی ئەنجامی لە 85% دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی هەرێمەوە، هێندەی تر گومانەكانی لا زیاتر كردوین، ئەو گومانەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە كۆمسیۆن لەسەرەتای ئەم پرۆسەیەوە چەندین بڕیار و رێنمایی هەڵەی دەركرد، كە ئێمە وەك یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، پێشتر سكاڵاو تێبینی زۆرمان لەسەریان هەبووە و لەوبارەیەشەوە هۆشداریمان دابوو.

لەگەڵ دیاری كردنی وادەی بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كورستان و پێش بەرێوەچوونی پرۆسەكە، دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و بۆ بەرگرتن لە یاری كردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، داوای پاككردنەوەی لیستی تۆماری دەنگدەرانمان كرد،لە كۆمسیۆن و ئەنجوومەنی دادوەریش سكاڵای یاساییمان تۆمار كردووە، بەڵام سكاڵاكانمان بەبێ‌ پاساو بەهەند وەرنەگیرا و كاریان لەسەر نەكرا، كە دەرنجامی هەموو ئەوانەی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی تێپەڕێندراو پەلە پەلی تێدا كرا، بە زیانی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان كۆتایی هاتوو نیشانەی پرسیاری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و كارەكانی كۆمسیۆنی هەرێم دروستكرد، كە بەهەزاران دەنگدەر، لە پرۆسەكە بێبەشكران و بەبێ رەزامەندی ناویان گواستراوەتەوە.

هاوكات چەند كاتژمێرێك پێش بەِرێوەچوونی پرۆسەكە ، ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی هەرێم چەند بڕیارێكی بە پەلەو سەرپێی لە درەنگانێكی شەو دەركرد، كە بە مەبەستەوە رێگری كرا لەدەنگدەران و ئاستەنگیان خرایە بەردەم ، ئەوەش بۆخۆی كاریگەری نەرێنی هەبوو لەسەر رێژەی بەشداری دەنگدەران و بە ڕوونیش ئەو ئاستەنگانەمان بینی كە خرانە بەردەم دەنگدەران بۆ پیادەكردنی ئەو مافە رەوایەی خۆیان.

لە رۆژی دەنگدانیش لە زۆرینەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان غەدر و زوڵمێكی زۆر لە دەنگدەرانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كرا، لە چەند ناوچەیەكیش پلان هەبوو بۆ تێكدانی رەوشی ئەمنی، كە ئەو پلانەش بەرنامە بۆ داڕێژراو بوو تا دەنگی یەكێتی كەم بكات .

بۆ وەرگرتنەوەی ئەو مافەش،یەكێتی بە بەڵگەوە چەندین سكاڵای بۆ كۆمسیۆن بەرزكردوەتووە.

لێرەوە رایدەگەیەنین، دەبێت كۆمسیۆنی هەرێم لە ئاست ئەو لێپرسراوییە مێژووییە بێت، بێلایەنانە هەموو رێكارە یاساییەكان بگرێتە بەر بۆ یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان، لەو چوارچێوەیەشدا یەكێتی هەموو رێكارێكی یاسایی دەگرێتە بەر، تا ئەنجامەكانی كۆتایی هیچ پێشێلیكارییەكی تێدا نەبێت و دوربێت لە دەستوەردان و یاری كردن بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.

گەر كۆمسیۆن لەسەر هەمان رێچكە و بەرنامەبێت، كە سكاڵا یاسایی و سەلمێنراوەكان بەهەند وەرنەگرێت، ئەوا یەكێتی هەڵوێستێكی جیاواز تری دەبێت.

دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending