ئەڵمانیا: لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێی سەپاندنی سزای دیکە دەکرێت بەسەر ئێراندا
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، ئێندریا ساس رایگەیاند لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێی ئامادەکردنی پاکێجی دیکەی سەپاندنی سزای دەکرێت بەسەر ئێراندا.
ساس لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەرلین، دوای ئەوەی هەواڵی ئەوەی بە بیر هێندرایەوە کە باس لە ئامادەکاری دەکرێت بۆ پاکێجی دیکەی سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا، گوتی: "دەتوانم پشتڕاستی ئەوە بکەمەوە کە لە سەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێی پاکێجی لەم جۆرە دەکرێت. رەزامەندی دەربڕین لەسەر پاکێجەکە، پەیوەندی بە یەکێتیی ئەورووپاوە هەیە".
ساس بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە دیدار و کۆبوونەوەکان بە شێوەیەکی باش بەڕێوە دەچن، گوتی: "ناتوانم ئەمڕۆ لەبارەی وردەکارییەکانی دیدار و کۆبوونەوەکانەوە بدوێم کە هێشتا لەنێوان هاوبەشەکان و دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا بەردەوامن".
لای خۆیەوە گۆڤاری Spiegel بڵاوی کردووەتەوە کە ئەڵمانیا لەگەڵ هەشت وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئەوەدان پاکێجی سزای نوێ ئامادە بکرێت بە مەبەستی سەپاندنی سزا بەسەر ئەو دامەزراوە و کەسانەی لە بەکارهێنانی توندوتیژییەکانەوە گلاون لە کاتی خۆپیشاندانەکان لە ئێران.