نەتەوە یەکگرتووەکان 500 ملیۆن دۆلار بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی غانا تەرخان دەکات
دیجیتاڵ میدیای سپێده
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە 500 ملیۆن دۆلار هاوکاری بۆ بوژاندنەوەی غانا کە یەکێکە لە وڵاتانی خۆرئاوای ئەفریقا، تەرخان دەکات.
رێکخەری نیشتەجێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غانا، چارلز ئابانی رایگەیاند، غانا هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی ئەفریقا، بەهۆی شەڕی ئۆکراینا و رووسیا و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە کاریگەری نەرێنی لەسەر بووە.
ئابانی رایگەیاند کە نەتەوە یەکگرتووەکان، 500 ملیۆن دۆلار هاوکاری بۆ بوژانەوەی ئابووریی غانا تەرخان دەکات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ پێشگرتن لە کاریگەریی هۆکارە دەرەکییەکان کە رێگری لە گەشەسەندن دەکەن، نەتەوە یەکگرتووەکان هاریکاری دامەزراوەکانی ئەو وڵاتە (غانا) دەکات، گوتی: "دەبێت دڵنیابین لەوەی وەبەرهێنان لە گرنگترین بوارەکاندا دەکەین. پێویستە زیاتر هەوڵ بدەین بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی غانا".
رۆژی پێنجی ئەم مانگە لە ئەکرای پایتەخت، سەدان کەس لە دژی خراپبوونی رەوشی ئابووری غانا ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی وڵات، نانا ئاکوفۆ ئادۆ-یان کرد.