سه‌رۆكی ئۆكرانیا :ئه‌گه‌ر ئێران درۆنی به ڕووسیا نه‌دایه، ئێستا له ئاشتی نزیكتر ده‌بووین
دیجیتال میدیای سپێده
سه‌رۆكی ئۆكرانیا ڕایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئێران درۆن و مووشه‌كی به رووسیا نه‌دایه، ئێستا وڵاته‌كه‌ی "له ئاشتی نزیكتر ده‌بوو."
ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا له په‌یامێكی ڤیدیۆییدا ڕایگه‌یاند، له‌م هه‌فته‌یه‌دا چه‌ندجارێك سوپای رووسیا درۆنی ئێرانی به‌كارهێنایه‌وه و سوپای وڵاته‌كه‌ی به‌شێكیانی خسته خواره‌وه، به‌ڵام به‌شێكیشیان ئامانجه‌كانیان پێكاوه.
وتیشی، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا تاوتوێی گوشارخستنه سه‌ر ئێرانیان كردووه، چونكه رووسیا به به‌كارهێنانی مووشه‌كی ئێرانی ژێرخانی وزه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌كاته ئامانج و، ئه‌وه‌ش وایكردووه ملیۆنان كه‌س بێ كاره‌با بن.
هه‌ر له درێژه‌ی وته‌كانیدا سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر ئێران درۆن و مووشه‌كی به رووسیا نه‌دایه، ئێستا وڵاته‌كه‌ی "له ئاشتی نزیكتر ده‌بوو.
ئه‌م وتانه‌ی سه‌رۆكی ئۆكرانیا له‌كاتێكدایه، پێشتر حوسێن ئه‌میرعه‌بدوڵڵاهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، ئه‌وان "چه‌ند مانگێك پێش ده‌ستپێكردنی جه‌نگی ئۆكرانیا" درۆنیان به رووسیا داوه، به‌ڵام ره‌تیكرده‌وه مووشه‌كیان به‌و وڵاته دابێت.