ئێران و رووسیا رێککەوتنێکیان لەبواری گازی سروشتیی واژوو کرد
- ئێران و رووسیا رێککەوتنێکیان لەبواری گازی سروشتیی بە بەهای نزیکەی چوار ملیار دۆلار واژوو کرد.
وەزیری نەوتی ئێران، جەواد ئەوجی رایگەیاند کە لەگەڵ رووسیادا، رێککەوتنێکیان بە بەهای نزیکەی چوار ملیار دۆلار واژووکردووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی گازی سروشتیی و هەناردەکردندا.
ئاژانسی هەواڵیی فەڕمی ئێران بڵاوی کردەوە، جەواد ئەوجی لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەت بۆ رۆژنامەنووسان دواوە و باسی لە پێشهاتەکانی بواری وزە کردووە.
وەزیری نەوتی ئێران بە رۆژنامەنووسانی رايگەیاند 'لەگەڵ رووسیادا رێککەوتنێکمان بە بەهای نزیکەی چوار ملیار دۆلار واژووکردووە کە خۆی دەبینێتەوە لە پەرەپێدان بە کێڵگەکانی گازی سروشتیی و هەناردەکردنیدا'.
جەواد ئەوجی هەروەها ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لەگەڵ کۆمپانیای وزەی رووسی "گازپرۆم"دا پێشینە رێککەوتنێکی بەراییان بە بەهای ٤٠ ملیار دۆلار واژووکردووە، ئەوەشی خستەڕوو کە کۆمپانیایەکی دیکەی رووسی بەناوی "ZN Vostok" لە ئێران وەبەرھێنان دەکات.