سەرۆکی رووسیا بەشداری لە لووتکەی G20دا ناکات کە لە ئیندۆنێزیا ساز دەکرێت
دیجیتال میدیای سپێده
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بەشداری لە لووتکەی G20دا ناکات کە هەفتەی داهاتوو لە ئیندۆنێزیا ئەنجام دەدرێت.
بەرپرس لە لووتکەی G20، لوهوت بینسار پادژایتان لە شاری دێنپاساری ئیندۆنێزیا بە میدیاکارانی راگەیاند وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ سەرۆکایەتی شاندی رووسیا دەکات بۆ لووتکەکە.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرۆکی چین شی جی پینگ و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی جیهان بەشداری لە لووتکەی G20دا دەکەن کە ١٥ی تشرینی دووەم لە ناوچەی بالی دەست پێ دەکات و دوو رۆژ دەخایەنێت.
چاوەڕوان دەکرا لە میانی لووتکەکەدا بۆ یەکەمجار دوای جەنگی رووسیا-ئۆکراینا کە لە مانگی شوبات دەستی پێ کردووە، بایدن و پوتین بەیەکەوە ببیندرێن، بەڵام دوای ئەوەی راگەیەندرا کە سەرۆکی رووسیا بەشداری لە لووتکەکەدا ناکات، ئەگەری هێوربوونەوەی گرژییەکان کەم بووەتەوە