هەواڵی کوردستان ئێستا

نەتەوەیەکگرتووەکان دەربارەی سزای لەسێدارەدان هۆشداریی دەداتە ئێران

نەتەوەیەکگرتووەکان دەربارەی سزای لەسێدارەدان هۆشداریی دەداتە ئێران
نەتەوەیەکگرتووەکان دەربارەی سزای لەسێدارەدان هۆشداریی دەداتە ئێران

2022-11-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی دەداتە ئێران کە "سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکارنەهێنێت".

١٦ پسپۆڕی بواری مافەکانی مرۆڤ لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوەیان خستووەتەڕوو کە لە ٢٩ی تسرینی یەکەمەوە تا ئیستا هەشت هاووڵاتی لە ئێران بەو تاوانانە تۆمەتبار کراون کە سزاکانیان لەسێدارەدانە.

لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن ١٦ پسپۆڕی بواری مافەکانی مرۆڤ لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە ٢٩ی تسرینی یەکەمەوە تا ئیستا هەشت هاووڵاتیی لە ئێران سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە "بڵاوکردنەوەی فەساد لەسەر زەوی" یەکێکە لەو تاوانانە.

هەربۆیە ئەو پسپۆڕانە لە راگەیەندراوەکەیاندا رووی قسەکانیان کردووەتە دەسەڵاتدارانی تاران و داوایان لێکردوون کە "سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکارنەهێنێت" و ئەو خۆپیساندەرانەش ئازاد بکەن کە ئێستا دەستبەسەرن.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لەڕێی سەرکوتکردنی بەردەوامی خۆپیشاندانەکانەوە، کۆمەڵێک سکاڵانامە ئامادە دەکرێن کە تیایاندا داوای سزای لەسێدارەدان بۆ تۆمەتبار دەکرێت و لە ماوەیەکی کورتیشدا ئەم سزایە جێبەجێ دەکرێت. لەوە دەترسین کە ئەو کچ و ژنانەی لە ریزەکانی پێشەوەی خۆپیشاندانەکاندان، لەبەر ئەوەی داوای کۆتاییهێنان بە یاساکانی جیاکاری دەکەن، دەستبەسەر بکرێن یان داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ کە لە ئێستادا لە زینداندان، بکرێنە ئامانج".

باس لەوەش کراوە کە لە ١٦ی ئەیلوولەوە تا ئێستا هەزاران خۆپیشاندەر کە ژمارەیەکی زۆر ژنیشیان تیادایە، دەستبەسەر کراون و ١٤ کەسیان بە کەفالەت ئازاد کراون، بەشێکی دەستبەسەرەکانیش لە زیندانی تاکەکەسیدا زیندانی کراون.

ئەوەش وەبیرهێنراوەتەوە کە تا ئێستا لایەنی کەم ٣٠٤ کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا گیانیان لەدەستداوە کە ٢٤یان ژن و ٤١یان منداڵ بوون، هەوڵەکانیش بۆ سەرکوت کردنی خۆپیشاندانەکان بەردەوامن.

- خۆپیشاندانەکانی ئێران و سزاکانی یەکیتی ئەورووپا

دوای گیان لەدەستدانی مەهسا ئەمینی، خۆپیشاندان لە ئێران سەریهەڵدا.

یەکێتی ئەورووپا لە ١٧ی تشرینی یەکەمدا سزای خستە سەر ١١ کەس و چوار دامەزارەوی ئێرانی.

لە بەرامبەردا ئێران لە ٢٦ی تشرینی یەکەمدا سزای خستە سەر ١٢ کەس و هەشت دامەزراوەی ئەورووپی کە چەند پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی ئەورووپاشیان لەنێودا بوو.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالێنا بێیەربۆک، لە ١٠ی تشرینی دووەمدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوی خستەڕوو کە بەهۆی بەردەوامی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە ئامادەکارییان کردووە بۆ راگەیاندنی پاکێجێکی نوێی سزا لە هەفتەی داهاتوودا.