English | عربي

"پێکھێنانی حکوومەت لە دەستی پارتیدایە"



2018/10/06 | 14:20

(هەواڵ كوردستان)- پارتی دیموکراتی کوردستان بە هۆی ئەو کورسییانەی لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستی هێناوە، لەگەڵ کورسی کۆتاکان و چەند حزبێکی بچوک بە ئاسانی نیوە زیاتری پەرلەمانی کوردستان پێک دەهێنێت.

خەسرۆ گۆڕان، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی ٨٥٪ی دەنگەکانی ئاشکرا کردووە، بەو پێیەش پارتی ٤٤ کورسی پەرلەمانی بەدەست ھێناوە، وتیشی "پارتی پشکی شێری بەرکەوتووە، بۆیە حەتمەن پێکھێنانی حکوومەت لە دەستی پارتیدایە".

لەبارەی ئەو ڕێژەی ١٥٪ی دەنگەکان کە تاوەکوو ئێستا ئاشکرا نەکراوە، پارتی چەند کورسی دیکەی بەردەکەوێت؟ خەسرەو گۆڕان ئاشکرایکرد "بەپێی ئاماری دەزگای ھەڵبژاردنمان، پارتی ٤٥ کورسی پەرلەمانی ھەیە، بەڵام ئەوە نافەرمییە و ئەوەی دیکە لەلای کۆمیسیۆنە کە چۆن ڕایدەگەیەنێت".

خەسرەو گۆڕان دەشڵێت "چەند کورسی دیکە ھەیە کە لایەنگری پارتین، بۆیە پارتی و ھاوپەیمانانی نزیکەی ٥٦ کورسی دەبەن".

ئەو وتانەی خەسرۆ گۆران لەکاتێکدایە پێشتر چەندان بەرپرسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە لەمەودوا بەقەد قەبارەی خۆی مامەڵە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەکەن.

لە پرێس کۆنفرانسەکەشیدا کە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو ئەنجامی دا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند کە "یەکێتی خۆی ڕێگەی زۆرینە و کەمینەی هەڵبژاردووە و لەمەودوا لە هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ".








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending