هەواڵی کوردستان ئێستا

"زۆربەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ھەولێر ڕەوشی تەندروستییان جێگیرە"

"زۆربەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ھەولێر ڕەوشی تەندروستییان جێگیرە"
"زۆربەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ھەولێر ڕەوشی تەندروستییان جێگیرە"

2020-03-28 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی لە ھەولێر، کە تایبەتە بە چارەسەری کۆرۆنا ئاشکرای کرد، ڕەوشی تەندروستیی نەخۆشانی کۆرۆنا جێگیرە و بڕیارە دوو نەخۆشی دیکە بەھۆی باشبوونی ڕەوشی تەندروستیانەوە ڕەوانەی ماڵەوە بکرێنەوە و دەشڵێ، ئەگەر حکوومەتی ھەرێم زوو ھەنگاوی بەرەنگاربوونەوەی نەنابا کارەسات ڕووی دەدا.

د. شاخەوان خەیلانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی بۆ کۆرۆنا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا ٢٨ تووشبوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ئیماراتیی ھەولێرن و ڕەوشی تەندروستیی زۆربەیان جێگیرە و جێگەی مەترسی نییە، لەوانەش دوو نەخۆش بەرەو چاکبوونەوەن و بڕیارە دوای پشکنینی دیکە ڕەوانەی ماڵەوە بکرێن، سوپاس بۆ خوا نەخۆشەکانمان نەگەیشتوونەتە ئاستی ئەوەی دەزگای ھەناسەی دەستکرد بەکار بێنین."

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی دەشڵێت: "ھەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەولێر زۆربەیان تەمەنیان لەژێر پەنجا ساڵیە و بەشێک لەوانە بە ئاسایی دەژین لە نەخۆشخانە و ئەگەر بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگە لەوانەیە ھەست نەکرێت نەخۆشن، بەڵام بەھۆی ئەوەی پشکنینان پۆزەتیڤە خراونەتە ژێر چاودێرییەوە."

د. شاخەوان خەیلانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ھەنگاوی مەزنی ناوە و ئەگەر ھاووڵاتیان ھاوکاریی دەزگا پەیوەندارەکان بکەن و ڕێنماییەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکەن، ئەوە بێگومان بە کەمترین زیان لێی دەردەچین، بەتایبەتی قەدەغەی ھاتوچۆ و دەرکردنی ھەندێ بڕیار کاریگەریی ھەبووە لەسەر کەمبوونەوەی زیانەکانی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر حکوومەت زوو بەخۆی نەکەوتبایە ئەوە کارەسات ڕووی دەدا، لەبەر ئەوەش پێویستە بە ھەموومان سوپاسی حکوومەت بکەین بۆ پاراستنی ژیانی ھاووڵاتیانمان."

قائید میرۆ