لووتکەکانی کەنداو-چین و عەرەبی-چینی لە ریاز ئەنجام دەدرێت
دیجیتال میدیای سپێده
نێردەی چین بۆ پرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چای جی ون و وەزیری دەرەوەی کوێت، سالم عەبدوڵڵا بەستنی دوو لووتکەیان لەگەڵ پەکین کە چاوەڕان دەکرێت کە لە مانگی داهاتوودا لە ریاز ئەنجام بدرێت، تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی کوێت لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سالم عەبدوڵڵا لەگەڵ نێردەی چین بۆ پرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چای جی ون کە ئێستا بەسەردانێک لە کوێتە کۆبووەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کراوە لەبارەی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کوێت و چین لەسەرجەم بوارەکاندا.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە هەردوولا خواستی هاوبەشی کوێت و چین-یان نیشانداوە لەبارەی بەستنی لووتکەی کەنداو-چین و لووتکەی عەرەبی-چینی کە چاوەڕان دەکرێت لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوودا لە ریاز پایتەختی سعوودیە بەڕێوەبچێت، هەروەها باسیان لە بوارەکانی هەماهەنگیی هاوبەش لەو چوارچێوەیەدا کردووە.
باسی لەوەشکردووە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی سەر ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی خراوەتە بەرباس.
تا ئێستا سعوودیە و چین هیچ زانیاری و وردەکارییەکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
پێشتر میدیاکانی عەرەبی بڵاویان کردبوویەوە کە چاوەڕان دەکرێت سەرۆکی چین، شی جین پینگ بە مەبەستی بەشداریکردن لە بەستنی لووتکەی کەنداو-چین و لووتکەی عەرەبی-چینی لە ریاز سەردانی سعوودیە بکات.