لە خۆپیشاندانەکانی باکووری رۆژئاوای ئێراندا ئەفسەرێک کوژرا
لە خۆپیشاندانەکانی شاری بۆکان باکووری رۆژئاوای ئیران، ئەفسەرێک بە پلەی عەقید لەلایەن چەند خۆپیشاندەرێکی نەناسراوەوە کوژرا.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە کە لە میانی خۆپیشاندانەکانی شاری بۆکان سەربە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا باکووری رۆژئاوای ئیران، عەقیدێک بە ناوی رەزا ئەڵماسی کوژراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو عەقیدە بە دەمانچە لەلایەن "چەند خۆپیشاندەرێکی نەناسراوەوە" کوژراوە.
- خۆپیشاندانەکانی ئیران
رۆژی ١٣ی ئەیلوول، پۆلیسی ئیرشادی تاران بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" مەهسا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵی دەستگیر کرد، دوای دەستگیرکردنیشی رەوشی تەندروستی ئەمینی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و لە کۆتاییدا، رۆژی ١٦ی ئەیلوول لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
مەهسا ئەمینی رۆژی ١٧ی ئەیلوول لە شاری سەقز بە خاک سپێردرا و دوای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەش، خۆپیشاندان دروست بوو کە لە ماوەیەکی کەمدا، شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە.
هەرچەند دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ئێران زانیاریی ورد بڵاو ناکەنەوە لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لە دەستداوە، بەڵام "رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران" کە بارەگاکەی لە نەرویجە، بانگەشەی ئەوە دەکات ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی لە ئاکامی دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە بەرز بووەتەوە بۆ ٣٢٦ کەس.
هەروەها لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا زیاتر لە ٤٠ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە.